کارمەندانی کەناڵی (NRT) ھەڕەشەی وازھێنان دەکەن
کەم کردنەوەی مووچەی کارمەندانی کەناڵی (NRT)، بۆ کردنەوەی کەناڵێکی نوێی شاسوار عەبدولواحیدە بە ناوی (کورد نیوز)، ئەمەش تەواوی کارمەندانی کەناڵەکەی نیگەران کردووە، چونکە لەکاتی کردنەوەی کەناڵی(NRT عەرەبی) موچەی کارمەندانی ئەو کەناڵە کەم کرایەوە.
یەکێک لە کارمەندەکانی کەناڵی (NRT)، کە نەیویست ناوی بڵاو بکرێتەوە، ڕایگەیاند: "ئەگەر کەناڵی (NRT) تووشی قەیرانیی دارایی بێت، ئێمە ئامادەین تا دواین چرکەساتی لەکارکەوتنی کەناڵەکە بەردەوام بین، بەڵام لەوە نیگەرانین کاتێک شاسوار عەبدولواحید کەناڵێک دەکاتەوە، ڕاستەوخۆ لە مووچەی ئێمە کەم دەکاتەوە".
ئەو کارمەندە، جەختی لەوەش کردەوە، کە ئەمە پێچەوانەی ئەو گرێبەستەیە، کاتێک لەسەرەتای دەستبەکاربوونمان لەگەڵ ئەو کەناڵە واژۆمان کردووە.
ئاشکراشی کرد، کاتێک کەناڵی (NRT)ی عەرەبی دانرا، رێژەی 15% لە مووچەکەیان کەم کرایەوە، ئێستاش کە شاسوار عەبدولواحید کەناڵێکی نوێی داناوە، بەھەمان شێوەی بڕی 15% مووچەی کارمەندانی کەناڵی (NRT) کەم کراوەتەوە، گوتیشی: "نازانین بۆچی دەبێ کە شاسوار عەبدولواحید کەناڵێکی نوێ دادەنێت، تەواوی کارمەندەکان باجەکەی بدەن، بۆیە ئەگەر نەتوانن مووچەی کارمەندان چاک بکەن، ناچارین دەستلەکارکێشانەوەی خۆمان لەو کەناڵە ڕابگەیەنین".
دەربارەی ھۆکاری سەرەکی کەمکردنەوە مووچەی کارمەندانی (NRT)، مەم بورھان قانع، بەڕێوبەری کەناڵەکە کرد رای گەیاند: "ھیچ لێدوانێک لەو بارەیەوە نادەم".
باسنیوز
