پەڕلەمانتارێکی گۆڕان: عەبادی ناتوانێ پەنجە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان ڕابکێشێت

 پەڕلەمانتارێکی گۆڕان: عەبادی ناتوانێ پەنجە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان ڕابکێشێت
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژە بەوە دەدات، کە عەبادی ناتونێت پەنجە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان بەرێت، چونکە شەرعیەتی لە ھاووڵاتییانی کوردستان وەرگرتووە و ھیچ یاسایەک ڕێگە بە ھەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆم نادات.

شیرین ڕەزا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایگەیاند: "عەبادی خۆی دەڵێ، پارەم نییە، بۆیە ئامادە نییە یەک سەنت بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بنێرێت".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەوەشی خستە روو: "چاوەڕێی ئەوە دەکەین بودجە پەسەند بکرێت، بێگومان ئێستا لێژنەی دارایی لە بەغدایە و ئێمەش وەکو ھەر پێنج فراکسیۆنەکە جەختمان لەوە کردووەتەوە کە بەغدا ڕێژەیەکی زۆر کەم بودجەی بۆ ھەرێمی کوردستان دیاری کردووە، ھەروەھا ڕەخنەی ئەوەشمان گرتووە کە ئەو بوودجەیەی لە %12.67 بۆ ھەرێمی کوردستان، ڕێژەیەکی کەمە و لەگەڵ ئەوەشدا بەشی ھێزی پێشمەرگەی تێدا نییە، بۆیە ئەو ڕێژەیە بەکەم دەزانین و ڕەتی دەکەینەوە".

پەرلەمانتارەکەی گۆڕان، جەختی لەوەش کردەوە، کە عەبادی یەک سەنت بۆ ھەرێمی کوردستان نانێرێت، چونکە خۆی رای گەیاندووە، کە پارەیان نییە، گوتیشی: "حەیدەر عەبادی، کە باس لە ھەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆم دەکات، بەڵام ناتوانێت، پەنجە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ڕێفراندۆمی ھەرێمی کوردستان ڕابکێشێت، چونکە ڕیفراندۆم شەرعیەتی لە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان وەرگرتووە و بەھیچ شێوەیەک ھەڵناوەشێتەوە".

شیرین ڕەزا، بە پێویستی زانی، حەیدەر عەبادی، چاو لە بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان بخشێنێتەوە، ھەروەھا بودجەی ھێزی پێشمەرگە بنێرێت، چونکە ئەو ڕێژەیە بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان زۆر کەمە و مایەی قبوڵ نییە.










باسنیوز
Top