ھەولێر.. باندێکی دزیکردن دەستگیر کرا
ئەمڕۆ دووشەممە 11/12/2017، بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی ھەولێر، لە پەیجی تایبەتی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە، کە دوای ئاگادارکردنەوەیان، بە کۆمەڵێک رووداوی دزیکردن، توانیویانە بە زووترین کات، باندێکی دزی لە دەروربەری ھەولێر دەستگیر بکەن.
لەوبارەوە سیڤەر عومەر کەریم، ئەفسەری نووسینگەی نەھێشتنی تاوانی بەحرکە، تایبەت بە پەیجی پۆلیسی ھەولێر، ڕاگەیاندووە، کە لە ماوەی رابردوو ئاگاردار کراونەتەوە بەبوونی چەند ڕووداوێکی دزیکردن لە شاوێس، پیرزین و بەحرکە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکان ڕێکخستووە، دەستکرا بە لێکۆڵینەوە لە ماوەیەکی کەم توانیویانە باندێکی دزیکردن دەستگیر بکەن.
پۆلیسی ھەولێر، ئەوەش خستووەتەڕوو، کە سێ تۆمەتبار، بەناوەکانی (ن.ع.ع)، تەمەن ١٩ ساڵ، (ا.ح.ا)، تەمەن ١٨ ساڵ، (ا.ع.م)، تەمەن ٢٠ ساڵ، دەستگیر کراون.
ئەوەش ئاشکرا کراوە، کە دوای دەستگیرکردنیان دانیان بە تاوانەکانیان ناوە، کەوا ھەڵسابوون بە دزینی بڕێکی زۆر پارە، زێڕ، ماتۆڕسکیل، کەلوپەلی ناو ماڵ و ئەلیکترۆنی، زۆربەی دزیەکانیشیان لە شاردەدێی پیرزین ئەنجام داوە.
پۆلیسی ھەولێر، ئەوەشی روون کردووەتەوە، کە پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕێکخرا ڕەوانەی بەردەم دادوەر کراون، دادوەریش بڕیاری بە بەندکردنی تۆمەتباران بە ماددە (٤٤٣) لە (ی.س) دا.
باسنيوز
