نوێنەرانی کورد، بایکۆتی رێورەسمی کۆتاییھاتنی شەڕی داعش دەکەن

نوێنەرانی کورد، بایکۆتی رێورەسمی کۆتاییھاتنی شەڕی داعش دەکەن
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی، بڕیارە ئەمڕۆ رێورەسمێک بەبۆنەی کۆتایی ھاتنی شەری داعش لەبەغدا بکرێت، بەڵام بەھۆی ئەوەی باسی ھێزی پێشمەرگە نەکراوە ئێمە وەکو فراکسیۆنە کوردیەکان بایکۆتی ئەو رێورەسمە دەکەین.

دوێنێ شەممە، سەرۆکوەزیرانی عێراق (حەیدەر عەبادی) کۆتاییھاتنی شەڕی داعشی لە عێراق راگەیاند. بڕیارە وایە بەو بۆنەیەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، رێورەسمێک لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە رێک بخرێت و نووسینگەی سەرۆکوەزیران فڕاکسیۆنە کوردستانییەکانی بۆ ئەو مەراسیمە بانگهێشت کردووە، بەڵام وەک (عەرەفات کەرەم) گوتی، لەبەر ئەوەی باسی ھێزی پێشمەرگەی نەکردووە سەرەڕای ئەو ھەموو قوربانییەی لەو شەڕەی دژ بە تیرۆردا داویەتی، بایکۆتی ئەو مەراسیمە دەکەن.

(عەرەفات کەرەم) سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان جەختی کردەوە، "ئێمە چۆن بەشداریی لە مەراسیمێک دەکەین کە رێز لە خوێنی شەھیدانی ئێمە نەگرێت و بە وشەیەکیش وەسفیان نەکات!، بۆیە بڕیارە جگە لە بایکۆتکردنی مەراسیمەکە، بەیاننامەیەکی ناڕەزاییشمان دەبێ."

ھێزی پێشمەرگە کە بە تێکشکاندنی ئوستوورەی داعش لە جیهاندا ناوی دەرکرد، جیا لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کە نزیکەی نیوەی خاکی باشووری کوردستان پێک دێنێت و، پێشتر هێزەکانی سوپای عێراقی لێ بوون، هۆکاری سەرەکی بوو لە ڕزگارکردنی مووسڵ(پایتەختی پێشووتری ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستە) و لەو ماوەی شەڕی تیرۆردا، پێشمەرگە زیاتر لە ھەزارو٨٠٠ شەھید و ١٠ھەزار برینداری ھەبوو، بەڵام سەرۆکوەزیرانی عێراق لە وتاری کۆتاییھاتنی شەڕی داعشدا، ئەو ڕۆڵە مەزن و هەموو ئەو قوربانییەی ھێزی پێشمەرگەی نادیەت گرت.
kdp-
Top