شارەزایانی سەربازی: ئەگەر پێشمەرگە نەبوایە حکوومەتی عەبادی و بەغداش لە ژێر مەترسیی داگیرکردن دەبوون
هەولێر-KDP.info- شارەزایانی سەربازی وەڵامی لێدوانی (حەیدەر عەبادی)، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەدەنەوە و ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەگەر پێشمەرگە هێڵی پێشەوەی داعشی لە مووسڵ تێک نەشکاندبایە، ئەوە سوپای عێراق نەیدەتوانی بێتە شاری مووسڵەوە.
(حەیدەر عەبادی)، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە دوای گوتاری خۆی هێرش دەکاتە سەر پێشمەرگە و پێی وایە، کە پێشمەرگە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەت نییە و سەرکەوتنی سوپای عێراق بەسەر داعش و کوردستاندا وەک یەک سیناریۆ باس دەکات، لە کاتێکدا پێشتر ڕێککەوتنی سەربازی لە نێوان عێراق و کوردستان کراوە و هەماهەنگی هەبووە بۆ ئازادکردنەوەی مووسڵ، دوێنێش لە گوتاری خۆیدا دەستپێکی کۆتاییی داعشی لە عێراق ڕاگەیاند و سوپاسی هەموو هێزە سەربازییەکانی کرد، جگە لە هێزی پێشمەرگە، کە باسی نەکرد و دواتر لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی (عەبادی) دەداتەوە و دەڵێت: "وێڕای دهربڕینی نیگهرانیی له نادیتهگرتنی قارهمانهتی و قوربانییهكانی پێشمهرگه له شهڕی دژ به تیرۆریستانی داعش، ئیتر به چ ڕوویهكهوه له وان و له گهلى كوردستان چاوهڕوان دهكات، ئینتیمایان بۆ عێراق ههبێت، له كاتێكدا ئهمه حاڵ و مامهڵهى سهرۆكوهزیرانهكهى بێت؟!''
(جەمال مورتکە)، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە و شارەزای سەربازی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەگەر پێشمەرگە نەبوایە داعش لە بەغدا و ناو بەغدا نزیک دەبووەوە و پێشمەرگە لە قۆڵێکەوە داعشی لاواز کرد و بەرەی جەنگی لە یەک ئاراستەوە گۆڕی بۆ دوو ئاراستە، ئەگەر پێشمەرگە نەبوایە بەدڵیناییەوە ئێستا حکوومەتی عێراقیش ئەو حکوومەتە نەدەبوو، چونکە ڕێککەوتن لە نێوان پێشمەرگە و هاوپەیمانان و سوپای عێراق کرا بۆ ئازادکردنەوەی مووسڵ، ئەوەش کرا و پێشمەرگە هێڵی بەرگریی داعشی لە مووسڵ شکاند و ڕێگای دا سوپای عێراق بێتە مووسڵەوە، ئەگەر ئەوە نەبوایە سوپای عێراق چۆن دەیتوانی مووسڵ ئازاد بکاتەوە؟"
(جەمال مورتکە) ئەوەشی خستە ڕوو: "(حەیدەر عەبادی) پێش هەموو کەسێک دەبێ سوپاسی پێشمەرگە بکات، کە داعشی شکاند، ئەگەرنا نە مووسڵ هی ئێستا دەبوو، نە داعشیش لە عێراق دەرۆیشت، دەبێ بیری (عەبادی) بهێنرێتەوە، کە هەزاران چەکداری داعش لە بەرەی پێشمەرگە کوژران، دەیان سەرکردەی داعش بە وەزیرەکانیانەوە پێشمەرگە لە ناوی بردن، ئەوکاتە (عەبادی) دەیتوانی ئەو قسانە بکات؟"
هاوکات، (مەلا کەریم)، بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەرگرییەکی قارەمانانەی کردووە لە پاراستنی خاکی کوردستان، ئەگەر پێشمەرگە نەبوایە داعش ئێستا لە قۆناغێکی دیکە دەبوو، چونکە لە کوردستانەوە سەرەتای کۆتاییهاتنی داعش هات، قۆناغی کۆتایی لە کوردستانەوە ڕاگەیەنرا و دەبوو سەرۆکوەزیرانی عێراق باشتر بیری لە چارەسەری پرسەکان بکردبایەتەوە، تا ئەوەی بەرانبەر بە پێشمەرگە دەیڵێت. پێشمەرگە بە هەزاران چەکداری داعشی ناردە دۆزەخ، ئاخر سەدان کیلۆمەتر زەوی لە داعش گرتەوە، ئیتر چۆن پێشمەرگە بە کرداری داعشی تێک نەشکاندووە؟ ئیستاش پێشمەرگە توانی ناوچەکانی سنووری مووسڵ بکاتەوە بۆ سوپای عێراق کە بێنە شاری مووسڵەوە، باشە خێرە ئێستا پێشمەرگە بووەتە بێگانە".
(مەلا کەریم) ئەوەیشی خستە ڕوو: "بۆ داهاتووی ناوچەکەش پێشمەرگە ڕۆلی بەهێزی خۆی دەبێت و بەردەوام دەبێت لە پاراستنی ناوچەکە."
هاوکات، (فاتح ڕەئووف)، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی سۆسیالیستدیموکراتی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "سەرکردەی کورد نەما شەڕی داعش نەکات، هەرچیی گەنجی جوان و کوڕی کوردستان هەبووە چەکیان لەشان کرد بۆ لەناوبردنی داعش، ئەگەر سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی پێشمەرگە نەکات، بێ گومان قارەمانەتیی پێشمەرگە لە ناوچەکە دەنگی داوەتەوە و دەبێ لەوە تێبگات، هەر ئەمرۆ نییە، دوای داعش گەرەنتیی هێزی تیرۆرستیی دیکە نییە، بۆیە ئەمە سەرکەوتن نییە، سەرکەوتن ئەوەیە گەرەنتی بدەیتە وڵاتەکەت، ناونەهێنانی پێشمەرگەش لە خۆیان کەم دەکاتەوە، نەک لە کوردستان".
kdp-
