"پێشێلکارییەکانی حەشدی شەعبی دژی ئافرەتان لە خورماتوو دەدرێتە نوێنەری وڵاتان"

(حەیات مەجید)، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، حەشدی شەعبی پێشلکاریی زۆری بەرانبەر خەڵکی کردووە، بەتایبەت بەرانبەر بە ئافرەتانی قەزای دووزخورماتوو و سەرجەم پێشێلکارییەکان دەدرێتە نوێنەری وڵاتان.

ئەمڕۆ، یەكشەممه (١٠- ١٢-٢٠١٧٠) لیژنەی بەرگرى له مافى ئافرەتانی پەرلەمانی کوردستان سەردانى قایمقامیەتى قەزاى كەلاری کرد و لەوێشەوه لەگەڵ قایمقام و لیژنه پەیوەندارەکان سەردانى كەمپەكانى ئاوارەكانى دووزخورماتووی کرد به مەبەستى بهدواداچوون لەسەر ڕەوشى ئافرەتان و ئامادەكردنى ڕاپۆرتێك بۆ سەرۆكایەتیى پەرلەمانى كوردستان.

لەو بارەوە (حەیات مەجید)، کە خۆی بڕیاردەری لیژنەی بەرگریکردن لە مافی ئافرەتانی پەرلەمانی کوردستانە، لەگەڵ ئەو لیژنەیە، کە سەرەدانی مەیدانیان کردووە بۆ ئەو کەمپەی ئاوارەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''لە لایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانەوە ڕاسپێردراوین، کە سەردانی ئاوارەکان بکەین، بەتایبەت ئەو ئافرەتانەی کە ئاوارە بوونە و لە ناوچەی گەرمیان دەمێننەوە، ڕاپۆرتێک ئامادە دەکەین و دواتر دەچینە هەولێر ئەو ئافرەتانەش دەبینین و ڕاپۆرتەکە ئامادە دەکەین بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەسەر ئەو پێشێلکارییانە.''

(حەیات مەجید) گوتی: ''هەر ئەو ڕاپۆرتە دەگەیەنینە نوێنەری وڵاتانی جیهان، کە دەستدرێژیی سێکسییان کردووەتە سەر ئافرەتان لە لایەن حەشدی شەعبیەوە و هەروەسا هەموو جۆرە دەستدرێژییەکیان کردووە و ئەوەی کراوە لە لایەن حەشدی شەعبییەوە جینۆسایدە.''

(حەیات مەجید) دەشڵێت:، ''ئەوە ئامارانەی لە بەردەستماندایە تا ئێستا حەشدی شەعبی دەستدرێژیی کردووەتە سەر ٦ ئافرەت و ئەم ئامارەش تۆمار کراوە و چەندین حاڵەتی دیکەش هەن.''
kdp-
Top