مهحموود عوسمان: دەسەڵاتدارانی بەغدا شۆڤینین و بڕوایان بە دەستوور و فیدراڵییەت نییە
هێزی پێشمەرگە بە كاریگەرترین هێزی دژی داعش لە لایەن هاوپەیمانانەوە دانرا، كە توانی پێشڕەویی داعش بەرەو كوردستان ڕابگرێت و كەركووك و ناوچەكانی دیكە لە هێرشی ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستیە بپارێزێت، بەڵام (حەیدەر عەبادی)، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە گوتاری سەركەوتن بەسەر داعشدا ڕۆڵی پێشمەرگەی باس نەكرد، ئەوەش ناڕەزایی خەڵكی كوردستانی بە دوای خۆیدا هێنا.
(مەحموود عوسمان)، سیاسەتمەداری كورد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''(حەیدەر عەبادی)، سەرۆكوەزیرانی عێراق، كە دەڵێت، سەركەوتن بەسەر داعشدا و دژایەتیی تەقسیم وەكو یەكن، كە ئەوان ڕیفراندۆم بە تەقسیم حساب دەكەن، ئەوە شتێكی خراپە، كە ئەو دوو شتە وەكو یەك تەماشا بكەن، چونكە ئەوە زۆر جیاوازە، ئەوەی دیكە ناوی هەموو هێزەكانی هێنا، بەڵام تەنیا ناوی پێشمەرگەی نەهێنا، ئەوەش شتێكی زۆر خراپە، چونكە پێشمەرگە لە هەموو هێزەكان زیاتر بەرەنگاری داعش بووەوە و بریندار و شەهیدی هەیە، (عەبادی)، هەر خۆی، لە كاتی خۆیدا چەندین جار ڕایگەیاند، هێزی پێشمەرگە هێزێكی سەرەكیی عێراقە و دەورێكی باڵای هەبوو لە تێكشكاندنی تیرۆریستاندا، بۆیە شتێكی زۆر خراپی كردووە، كە ئەوەی نەگوتووە، دوای ئەو وتارە ڕاستەوخۆ كاردانەوەی زۆر هەبووە لە لایەن خەڵكەوە، (نووری مالیكی) بەیاننامەی دەركردووە و باسی پێشمەرگەی كردووە، بۆیە شتێكی زۆر خراپی كردووە، ئەگەر سەرۆكوەزیران، خۆی بە سەرۆكوەزیرانی عێراق بزانێت، نابێ وا بێت، دەبێ تەماشای هەموو پێكهاتەكان بكات وەكو یەك، خۆی لەوە زەرەر دەكات، چونكە هێزی پێشمەرگە ئەگەر باس بكات، یان باس نەكات، لە هەموو جیهان ناسراوە، بۆیە گرنگ نییە كە باسی بكات، بەڵام دەبوو باسی پێشمەرگەی كردبایە و سوپاسی هێزی پێشمەرگەی كردبایە، چونكە دەورێكی زۆر گەورەی هەبوو لە تێكشاندنی داعشدا.''
(د. مەحموود عوسمان) ڕوونیشی كردەوە: ''دوو هۆكار هەن كە ئەوان دژی ئێمە بن، یەكەم عەقڵیەتی شۆڤێنی و سەیتەرەی مەركەزی، عەقڵیەتیان ئەوەیە بە شۆڤێنی دەیانەوێت حكوومەتی مەركەزی سەیتەرە بكات لەسەر هەموو شتێك، بڕوایان بە فیدڕاڵی نییە، كە عێراق فیدڕاڵییە، دووەم، نزیك دەبینەوە لە هەڵبژاردن هەر یەكە و بە شێوەیەك قسە دەكات، بۆ ئەوەی دەنگ بۆ خۆی كۆ بكاتەوە و سەر بكەوێت، كە مونافسە لە نێوانیان هەیە.''
(مەحموود عوسمان) ئاماژەی بەوەش كرد: هۆكاری ترسانی ئەوان لە كورد بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەوان عەقڵیەتی شۆڤێنییان هەیە، بڕوایان بە مافی چارەنووسی كورد نییە، بڕوایان بە فیدڕاڵی نییە، هەتا كە لە دەستووردا نووسراوە، لە هەمان كاتدا، لە وڵاتانی دەوروبەر هاوكارییان دەكرێت، كە هەموویان كورد بە مەترسی دەزانن، دژی كورد یەكن، كورد خەتەری لەسەر كەس نییە، تەعدای لە كەس نەكردووە، دەوێت لەسەر ئەرزی خۆی بە ئاشتی بژی، بەڵام ئەوانی دیكە عەقڵیەتیان وایە ڕەگەزپەرستی و شۆڤێنین بە داخەوە.''
kdp-
