فەلاح حەسەن بۆ پارتی فەرمانڕەوای سوید: پشتی کوردستان بگرن
لە پانێڵێکی سیاسیدا کە لە ستۆکھۆڵمی پایتەختی سوید لەسەر دواین ڕەوشی كوردستان لە لایەن پارتی فەرمانڕەوای سویدەوە ئامادە کرابوو، (فەلاح حەسەن)، جێگری سەرۆکی لاوانی سیاسیی جیھان، باسێکی تێروتەسەلی دەربارەی ڕەوشی ئەمڕۆی ھەرێمی کوردستان کرد، کە تێیدا نوێنەرانی زیاتر لە ١٥ وڵات ئامادە بوون و زۆربەی زۆریان سەرۆکی لاوانی پارتە سۆشیالدیموکراتەکان و ڕۆژنامەنوسە گەنجەکان بوون، لەو پانێڵەدا (فەلاح حەسەن) باسێکی کورتی مێژووی بەسەرھاتەکانی گەلی کوردستانی کرد و گوتی: ''فەخرمەندم بەوەی ھەمیشە لە دەرەوە کوردەکان بە کەسانی وەفادار و پاک سەیر دەکرێن، چونکە ئایندە ھەر بۆ مرۆڤە پاکەکانە.''
پاشان لە پانێڵەکەدا باس لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان و دواین ھەنگاوە نامرۆڤانە یەک لە دوای یەکەکانی حکوومەتی عیراق و دارودەستە بەکرێگیراوەکانی کرا، بەتایبەتی لە کەرکووک و دوزخوورماتوو. (فەلاح حەسەن) باسی لە داخستنی فڕۆکەخانەکانی ھەرێمی کوردستان کرد و ئیشارەتی بەوەدا کە بۆچی گەشتە نێودەوڵەتییەکان وەستاوە و لە کاتێکدا چەندین فڕۆکەخانەی تری عێراق جگە لە بەغدا بەردەوامن لە گەشتی جیھانی و باسی بوودجە و قووتی خەڵکی ھەرێمی کوردستانی کرد، کە نزیکەی ٣ ساڵە لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە ڕاگیراوە و ئەم ھەنگاوانەی بە جینۆسایدێکی تری گەلی کوردستان ھەژمارکرد.
لە بەشێکی تری پانێڵەکەدا ئاماژەی بە شەڕی داعش و کردنەوەی دەرگا لە دوو ملیۆن پەنابەری شەڕی تیرۆری عیراق و سووریا کرد و گووتی: ''میللەتی کوردستان و پێشمەرگە ھەمیشە پێشەنگن لە خزمەتکردنی مرۆڤایەتی و داوای لە ئامادەبووان کرد ڕاستیی ڕووداوەکان ببینن و ھاندەر بن لە دۆستایەتی و پشتگیریی گەلی ھەرێمی کوردستان.''
kdp-
