فوئاد حوسێن: ڕێککەوتنی بەغدا و تاران لەسەر نەوتی کەرکووک تێچووی لە قازانج زیاترە
پێشتر ڕۆژانە نزیکەی ٤٠٠ بۆ٥٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی بۆڕیی نەوتی ھەرێمەوە ھەناردەی دەرەوە دەکرا و حکوومەتی ھەرێمیش وەکو پارەی پترۆدۆلار مانگانە ١٠ ملیۆن دۆلاری دەدا بە ئیدارەی کەرکووک، بەڵام وەک شارەزایانی نەوت دەڵێن، ئێستا ھەناردەکردنی نەوتی کەرکووک ڕاگیراوە و بە تەنکەر ھەناردەی ئێران دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش عێراق و ئێران ڕێککەوتنێکیان ئیمزا کردووە و تا ئێستاش یەک دیناری نەدراوە بە ئیدارەی کەرکووک.
ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، (فوئاد حوسێن)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "حکوومەتی عێراق لەگەڵ لایەنی ئێرانی ڕێک کەوتوون، کە نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی تەنکەرەوە بۆ ئێران ھەناردە بکرێت، سەرەتا لە ٣٠ ھەزار بەرمیلەوە دەست پێ دەکات، تا دەگاتە ٦٠ ھەزار بەرمیل، گواستنەوەی لە کەرکووک دەست پێ دەکات و لە ڕێگەی خانەقینەوە دەگاتە قەسری شیرین لە پارێزگای کرماشان و لەوێ دەپاڵورێت و دواتر ھەمان بڕ بە حکوومەتی عێراق دەدرێت، بۆیە ئەم ھەموو ڕێگایە دەبڕن کە ٤٣٠ کم دەبێت، لەوێوە تا دەگاتە ئەھواز و بەندەری بەسرە ٢٥٠ کم و ئەمە ھەمووی پرسێکی سیاسییە و ھیچ قازانجی نییە و تێچووی زۆری دەوێت."
(فوئاد حوسێن) گوتیشی: "ھەناردەکردنی نەوت بە تەنکەر لە ڕووی زانستییەوە زەرەر و زیانی زۆری دەبێت و ڕێگاکان تێک دەدات و ڕووداوی ھاتوچۆی لێ دروست دەبێت، بۆیە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە ئاسان نییە و بە سەدان تەنکەری دەوێت و تێچوویەکی یەکجار زۆری پێویستە."
سەبارەت بەو ڕێکارانەی پێویستە ھەرێمی کوردستان بیگرێتە بەر لەبارەی ئەو ڕێککەوتنەی عێراق تاکلایەنە لەگەڵ ئێرانی کردووە، (حوسێن) ڕوونی کردەوە: "ئەگەر بۆڕیی نەوتیش ڕاکێشن، پێویستە بە خاکی ھەرێمی کوردستاندا بێت و چەند ماددەیەکی دەستوریمان ھەیە، کە باس لەوە دەکەن ئەو پارێزگایانەی نەوتی لێ بەرھەم دەھێندرێت، پێویستە بە ھاوبەشی بێت لەگەڵ ئەو شوێنە و حکوومەتی ھەرێمیش بە پێی ماددەی ١٤٠ ڕای لەسەر ھەبێت و ڕەزامەند بێت، چونکە عێراق تەنیا ناتوانێ بڕیاری لەسەر بدات."
kdp-
