خەلیل ئیراهیم: پێشمەرگە کلیلی ئازادکردنی مووسڵی دایە عێراق، کەچی ستەمی لێی کرد
هێزی پێشمەرگەی کوردستان توانی ئوستوورەی داعش تێک بشکێنێت و ئەو هێزە تیرۆریستە لە تەواوی ناوچە کوردستانییەکان وەدەربنێت، هەروەها دەوری مووسڵیشی دا و بە هۆی پێشمەرگەوە عێراق توانی مووسڵ ئازاد بکاتەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، (حەیدەر عەبادی) لە وتاری کۆتاییھاتنی شەڕی داعشدا، جگە لەوەی بە وشەیەک باسی قارەمانیەتیی ھێزی پێشمەرگەی نەکرد، ئەو، دابەشبوونی عێراقی، کە مەبەستی لەوە بوو هەرێم نەیتوانی دوای ڕیفراندۆم سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت، پێ لە سەرکەوتن بەسەر داعشدا گرینگتر بوو، چاودێرانی سیاسییش دەڵێن، کە ئەو عەقڵیەتەی ئێستای کاربەدەستانی بەغدا هەمان عەقڵیەتی ڕژێمەکانی پێشووترە بۆ ئینکاری مافی کورد.
(خەلیل ئیبراھیم)، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەرێمی کوردستان بە حکوومەت و پەرلەمان و لایەنەکانەوە بەردەوام نەرمی نواندووە بۆ ئەوەی لەگەڵ حکوومەتی عێراق گفتوگۆ بکرێت و کێشەکان چارە بکرێن، بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ سەرۆکوەزیرانی عێراق شتی خراپتر دەکات و لە ڕاگەیاندنی سەرکەوتن بەسەر داعشدا باسی پێشمەرگەی نەکرد، ئەمە زۆر خراپە و مانایەکی زۆر سلبیی ھەیە و جگە لەوە پڕۆژەیاسای بودجە دانراوە و باسی ھەرێمی کوردستان ناکەن و ناوی دەکەنە پارێزگاکان، بۆیە ئەمە مەترسییەکی گەورەیە و پێویستە حیسابی خۆمان بکەین و ئەوە بزانین کە بەغدا دەسەڵاتی ھەبێت بەوشێوەی دەبێت لەگەڵ ئێمەدا و بەوچاوە تەماشای ئێمە دەکەن، بۆیە پێویستە ئێمە پێداچوونەوە بە خۆماندا بکەین و چیی پێویستە بۆ ئەو قۆناغە پێکەوە ئەنجامی بدەین."
(خەلیل ئیبراھیم) گوتی: "پێویستە ئێمە ئەوە بزانین کە ئەگەر دەمانەوێت لەگەڵیان بین، مامەڵەیان لەگەڵ ئێمە ئەوەیە، بۆیە دەبێ خۆمان ھۆشیار بکەینەوە، چونکە سەرۆکوەزیرانی عێراق غرووری سەرکەوتن گرتوویەتی، ئەمەیش بۆ عەقڵیەت و بیرکردنەوەی ئەوان دەگەڕێتەوە، کە بەو شێوەیەن و ھاوشێوەی دەسەڵاتدارانی پێشووی عێراقە و ھەست دەکات سەرکەوتوو بووە و پشتگیریشی ھەیە."
سەبارەت بەو جۆرە مامەڵەکردنەی حکوومەتی عێراق لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە (ئیبراھیم) باسی لەوە کرد: "ئەمە غەدرێکی گەورەیە لە ھێزی پێشمەرگە دەکرێت، کە ماوەی چەند ساڵە بە درێژاییی ھەزار و٥٠٠ کم سینگی خۆی کردووەتە قەڵغانی بەرگری لە شەڕی داعش و زیاتر لە ھەزار و٨٠٠ شەھید و زیاتر لە١٠ ھەزار برینداری داوە و کلیلی ڕزگارکردنی مووسڵی داوەتە دەست سەرۆکوەزیران، سەرەڕای ئەمە بە وشەیەک باسی ھێزی پێشمەرگە نەکرێت، ئەمە زوڵمێکی گەورەیە."
kdp-
