سەعدی پیرە: ڕەنگە کۆنگره‌ نەتوانێ کێشەکانی یەکێتی چارەسەر بکات

 سەعدی پیرە: ڕەنگە کۆنگره‌ نەتوانێ کێشەکانی یەکێتی چارەسەر بکات
گوته‌بێژی فه‌رمی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان ده‌ڵێ ڕەنگە کۆنگرە نەتوانێ کێشەکانی یەکێتی چارەسەربکات، چونکە کێشەکانی یەکێتی کەڵەکەبووی دەیان ساڵ پێش ئێستان.

ئەمڕۆ یەكشه‌ممه‌(10-12-2017) سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی فەرمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پرێس کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ھەندێک لایەن کە داوای حکوومەتی کاتی دەکەن، خۆیان قاچێکیان لەناو حکوومەتە و قاچێکی دیکەشیان لە دەرەوەی حکوومەتە بەڵام ئێمە لە ھەرێمی کوردستان، حکوومەتی خۆمان ھەیە و پەرلەمانێکی شەرعیمان ھەیە بۆیە لە ھەرێمی کوردستان، ھیچ حکوومەتێک لەم حکوومەتەی ئێستا شەرعی تر نییە".

گوتیشی: "کاتێک حەیدەر عەبادی، باسی کۆتایھاتنی شەڕی داعش دەکات و سوپاسی ھێزی پێشمەرگە ناکات، من دەڵێم بەری خۆر بە بێژەنگ ناگیرێت، چونکە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕۆڵی کارای گێڕاوە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش، ھەروه‌ھا زۆربەی وڵاتانی دەرەوە سەرسامی خۆیان بۆ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دەربڕیوە، بۆیە ئەگەر ھێزی پێشمەرگەی کوردستان نەبووایە سوپای عێراق بەتەنیا نەیدەتوانی بەرپەرچی چەکدارەکانی داعش بداتەوە".

سه‌باره‌ت به‌ کۆنگرەی یەکێتی سەعدی ئەحمەد پیرە، ڕایگەیاند: "یەکێتی کۆنگرەی خۆی دەبەستێ، بەڵام ڕەنگە کۆنگرە نەتوانێ کێشەکانی یەکێتی چارەسەربکات، چونکە کێشەکانی یەکێتی کەڵەکەبووی دەیان ساڵ پێش ئێستان بەڵام گرنگ ئەوەیە ئێمە ھەموومان ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی ناو یەکێتی بدەین".
ئاماژەی بەوەشدا، کۆنگرە دەزانێ ئاخۆ مام جەلال دەکرێ بە سکرتێری فەخری یان بە پێچەوانەوە، بەڵام مام جەلال سەرکردەیەکی کاریزمایە و دەبێ ھەموومان شانازی پێوە بکەین.











باسنیوز
Top