پەرلەمانتارێکی پێشووی یەکێتی: هەڤاڵ ئەبوبەکر شتی گەورەی پێ ناکرێ

 پەرلەمانتارێکی پێشووی یەکێتی: هەڤاڵ ئەبوبەکر شتی گەورەی پێ ناکرێ
چالاکوانێکی سیاسی، باس لەوە دەکات، لەیەکەم دەست بەکاربوونی وەک پارێزگاری سلێمانی، سزای خەڵکی شارەکەی داوە و پەرلەمانتارێکی پێشووی یەکێتیش دەڵێت: "باوەڕ ناکەم لە شەش مانگدا پارێزگار شتی گەورە بکات".

عومەر حاجی عەلی، چالاکوانی سیاسی و یەکێک لە ئەندامە ناڕەزاییەکانی گرووپی ١٧ی شوبات، رایگەیاند: "یەکێتی و گۆڕان رێککەوتوون بۆ سزادانی خەڵکی سلێمانی، بە تایبەت دەستگێڕ و عەرەبانەچییەکان کە بینیمان چۆن ڕووبەڕوویان بوونەوە، بۆیە ئەگەر بێتو یەکێتی و گۆڕان نەزانن کۆدی نیگەرانی خەڵک بکەنەوە، بێ گومان خەڵک قبوڵ ناکات، بەتایبەت بزووتنەوەی گۆڕان خۆی تووشی بەرپرسیارییەک کردووە کە باش دەزانێت ناتوانێت جێبەجێ بکات".

ئەو چالاکوانە سیاسییە، ئەوەشی دەپرسێت، کە گۆڕان لەکاتێکدا پێی وایە حکوومەت ناشەرعییە و ماوەی درێژ کراوەتەوە، کەچی دێت پارێزگاری خۆی لە رێگای حکوومەتەوە دادەنێت و دواتر سزای خەڵکی ئەم شارە دەدات.

ھاوکات جەمال بۆتانی، پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رای گەیاند: "یەکێتی بە ئازادانە و لە پڕۆسەیەکی دیموکراتی پارێزگاری داوەتە گۆڕان، بەڵام باوەڕ ناکەم لەم شەش مانگەدا پارێزگار بتوانێت شتی گەورە بکات چونکە دۆخەکە لەوە خراپترە بیری لێ دەکرێتەوە".

هەفتەی ڕابردوو بە شێوەیەکی فەرمی، هەڤاڵ ئەبوبەکر وەک پارێزگاری سلێمانی دەست بەکار بوو و لە بەردەم سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری ناوخۆی حکوومەت سوێندی یاسایی خوارد.

وێنە: کەلوپەلی دەستگێڕ و عەرەبانەچییەکانی سلێمانی دوای بڕیارێکی قایمقامیەتی شارەکە..










باسنیوز
Top