ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی حزبی سۆسیالیست: عەبادی دینارێک بۆ کوردستان نانێرێت

 ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی حزبی سۆسیالیست: عەبادی دینارێک بۆ کوردستان نانێرێت
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادە نییە پارە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، چونکە باوەڕیان بەو قسانە نییە کە خۆیان لە ڕاگەیاندنەکان دەیکەن.



فاتیح ڕەئوف، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان گوتی: "حکوومەتی عێراق هەوڵ دەدات بە هەموو شێوەیەک یەکڕیزیی نیشتیمانی لە کوردستان تێک بدات، ئەمەش کارێکی باش نییە و گەلی کوردستان زۆر لەوە هۆشیارترە و زۆر لەوەش باشتر دەڕوانێتە داهاتووی خۆی و پێویستی بە یەکخستنی ناوماڵی خۆی هەیە".



ئەو ئەندامە مەکتەبی سیاسیی حزبی سۆسیالیت ڕاشی گەیاند: "پێم وایە حکوومەتی عێراق چەندە فشار بخاتە سەر لایەنە کوردییەکان و چەندیش هەوڵ و تەقەلای خۆی بخاتە گەڕ بۆ پەرتەوازەکردنی ناوماڵی کورد پێیم وایە سەرکەوتوو نابێت، چونکە کاتەکە لەگەڵ ڕابردوو جیاوازە، بۆیە هیوادارین هێز و لایەنە سیاسییەکان وێڕای چەندین قەیران، بە چاوێکی دووربینانەتر بڕواننە داهاتووی گەلەکەمان، بەڵام ئەوەی ئێمە شانازیی پێوە دەکەین، یەکڕیزیی ناوماڵی کوردستانە تا بەرانبەر بە قەیرانەکان بوەستنینەوە و ئێمەش وەک گەلانی دیکەی دنیا خاوەنی کیانی خۆمان بین".



فاتیح ڕەئوف، لە درێژەی لێدوانەکەیدا گوتیشی: "بەغدا ئەوەی دەیڵێت ناتوانێت جێبەجێ بکات و تەنیا دەستی دەستیکردنە بە کوردستان و کات کوشتنە، چونکە دەبینین لە عێراقدا چەندین کوتلەی سیاسی کەوتوونەتە ناو ململانێ و لە چەند مانگی داهاتوودا دەکەونە ناو هەڵبژاردنەوە و ئەمەش زیاتر وا دەکات کە سەرجەم هێزە سیاسییەکانی عێراق چەندە دژایەتیی کوردستان بکەن، ئەوەندە دەنگی پێ بەدەست دەهێنن و لەم ڕوانگەوە زیاتر بۆ کات کوشتنە بۆ ئەوەی دەنگی زیاتر بەدەست بهێنن، بۆیە بەغدا و عەبادی ئامادە نین دینارێک بنێرن، لە کاتێکدا بەغدا لە کۆی 80 ملیار دۆلار40 ملیاری لە پارەی یەدەگی خۆی لە بانکی جیهانی دەرهێناوە و عێراق بەپێی دوایین ئامار نۆ ملیۆن و نیو و مووچەخۆری هەیە کە ئەمەش بودجەیەکی زۆری دەوێت و ئەگەر ئەم پارە یەدەگە نەبوایە، حاڵی لە کوردستان خراپتر دەبوو".



فاتیع ڕەئوف لەد رێژەدا ئەوەشی خستە ڕوو: "هیچ بڕوایەک نییە بەغدا پارە بۆ کورستان بنێرێت و ئیتر ئەمەی دەکرێت خۆماندووکردنە".



ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە کۆتاییدا دەشڵێت: "ئەوەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر ڕوودی داوە شتێکی زۆر خراپ بووە، حکوومەتی عێراقیش ئێستا لە کەرکووک باڵادەستە، بۆیە داواکارین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێتە سەرخەت و چارەسەرێک بۆ ئەو پرسانە بکرێت".



باسنیوز
Top