د. عەرەفات كەرەم ستونی : عێراق وڵاتێکی نادیموكراتی و نامەدەنییە
د. عەرەفات كەرم، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕاگەیاند: "ئێمە لە دوای ڕزگاركردنی عێراق لەدەست حكوومەتی بەعس، لەسەر ئەو بناغەیە چووین بۆ بەغدا كە وڵاتێكی دیموكراتی و مەدەنی بونیات بنێن و ڕێككەوتنین لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان كە عێراق وڵاتێكی مەدەنی بێت، بەڵام بەداخەوە زۆرینەی لایەنە عێراقییەكان تەنیا ویستیان شەرعیەت بدەن بە فەرمانڕەوایی خۆیان و ویستیان ئێمە بچینە ناو پرۆسەی سیاسییەوە، چونكە دەیانزانی لایەنە سوننەكان بەشداری لە بونیادنانەوەی عێراقدا ناكەن، بۆیە لەڕێگای كوردەوە پێگەی خۆیان بەهێز كرد و پاشان ئێمە دەنگمان بە دەستوور دا".
ئەو پەرلەمانتارە کوردە لە درێژەدا دەشڵێت: "ئێمە گەورەترین هەڵەمان كرد كە شەرعیەتمان داوە بەو دەسەڵاتە كە ئێستا عێراقیان گەیاندووەتە ئەم قۆناخە".
عەرەفات كەرەم، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئێستاش عێراق نە دەوڵەتێكی مەدەنییە و نە دیموكراتی و نە حوكمڕانییەكی هاوبەش ماوە، چونكە لەو ڕۆژەوە لەنێو پەرلەماندا دەنگ بۆ یاسای حەشدی شەعبی درا، كۆتایی بە دەوڵەتی مەدەنی هات".
لەبارەی دەستێوەردانی مەرجەعە ئایینییەكان لە كاروباری وڵات، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوەی خستەڕوو، مەرجەعە ئایینییەكان دەستێوەردان لە كاروباری وڵات دەكەن، ئەمەش بووە هۆی نەمانی دیموكراتی لە حوكمڕانیدا، ئێستاش عێراق زیاتر بەرەو وڵاتێكی مەزهەبی هەنگاو دەنێت و كاتێك وڵات لەسەر بنەمای ئایینی و مەزهەبی دابمەزرێت، هیچ واتایەك بۆ مەدەنی و دیموكراتییەت نامێنێت و ئێستاش ئێمە لە قۆناغێكی زۆر مەترسی داین، چونكە ئێمە پرۆسەیەكی دیموكراتی وەكوو ڕیفراندۆممان ئەنجام دا، بینیمان لەلایەن بەغداوە چ هەڵوێستیكی نادیموكراتییان لە بەرامبەر گەلی كورددا نواند.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ژیان لەگەڵ ئەم عەقڵییەتەی ئێستای عێراق زۆر ئەستەمە، چونكە هەموومان دەزانین كاتێك حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕیفراندۆمی سڕ كرد و پێشوازی لە بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی عێراق كرد، بەڵام دەبینین ئەو بڕیارانەی لە حكوومەت و پەرلەمانی عێراق دەرچوون و لەدژی كورد بوون دەبوا هەڵبوەشێنەوە".
باسنیوز
