وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ وه‌ڵامی عه‌بادیی دایه‌وه‌: لێدوانه‌كه‌ت نابه‌رپرسانه‌یه‌

 	 وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ وه‌ڵامی عه‌بادیی دایه‌وه‌: لێدوانه‌كه‌ت نابه‌رپرسانه‌یه‌
وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ وه‌ڵامی لێدوانێكى 'نابه‌رپرسانه‌'ی سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق ده‌داته‌وه‌ و ڕایده‌گه‌یێنێ، كه‌ مێژوو سه‌لماندوویه‌تى كه‌ ئیراده‌ى گه‌لى كوردستان به‌ هیچ كه‌س و هێزێك نه‌شكاوه‌ و ناشكێت.


ده‌قی وه‌ڵامی وه‌زاره‌تى كاروباری پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:
دوێنێ 6/12/2017 له‌ لێدوانێكى نابه‌رپرسانه‌ و له‌ بۆنه‌یه‌كى حیزبى ده‌عوه‌ى ئیسلامیدا، سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراقى فیدراڵ به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادى، هێرش و داگیركاریى هێزه‌ عێراقییه‌كانى له‌ ڕۆژى 16ى ئۆكتۆبه‌رى ڕابردوو و ڕۆژانى دواتردا، به‌ سه‌ركه‌وتنێكى گه‌وره‌ له‌ قه‌ڵه‌م دا و پێى وایه‌، هیچى له‌ سه‌ركه‌وتنى گه‌وره‌ى شكاندنى داعش له‌ عێراق كه‌متر نییه.

به‌ڕێز عه‌بادى داگیركردنى سه‌ربازى و هێرشكردنه‌ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، كوشتن و ئاواره‌كردنى خه‌ڵكى كه‌ركووك، خورماتوو و ناوچه‌كانى دیكه‌، ڕووخاندن و ته‌قاندنه‌وه‌ى خانوو و تاڵانكردنى ماڵى هاووڵاتیانى كوردستان له‌لایه‌ن هێزه‌ عێراقییه‌كانه‌وه‌، به‌ سه‌ركه‌وتنێكى گه‌وره‌ له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات و له‌گه‌ڵ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا هاوتا و به‌راوردى ده‌كات.

ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ گه‌وره‌یه‌ به‌سه‌ر داعشدا كه‌ به‌ڕێز عه‌بادى ئێستا نازى پێوه‌ ده‌كات، به‌ شاهیدیى هه‌موو دنیا ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانى كوردستان نه‌بوونایه، هه‌رگیز به‌دى نه‌ده‌هات، هه‌مان ئه‌و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانانه‌ى ئه‌گه‌ر گیانفیدایى و به‌رگریى جوامێرانه‌ى ئه‌وان نه‌بووایه‌، له‌ دواى 16ى ئۆكتۆبه‌رى ڕابردووه‌وه‌، هێزه‌ عێراقییه‌كانى ژێر فه‌رمانده‌ییى به‌ڕێز عه‌بادى، هه‌موو كوردستانیان به‌ ده‌ردى خورماتوو ده‌برد.

زۆر به‌داخه‌وه‌ بۆ سه‌رۆكوه‌زیرانى وڵاتێك كه‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر خه‌ڵكى وڵاته‌كه‌ى، له‌گه‌ڵ سه‌ركه‌وتن به‌ سه‌ر تیرۆریستاندا پێكه‌وه‌ به‌راورد و هاوتا ده‌كات و به‌ شانازییه‌وه‌ لافى پێ لێده‌دات. له‌ كاتێكدا هه‌مووان چاویان له‌ ڕه‌خساندنى زه‌مینه‌یه‌كى ئارام و له‌باره‌ بۆ گفتوگۆ و نه‌هێشتنى ناكۆكى و ئاڵۆزییه‌كان، ئه‌م لێدوانه‌ كرۆكى بیركردنه‌وه‌ و هه‌موو ئه‌و ڕق و قینه‌ ده‌رده‌خات كه‌ به‌رامبه‌ر گه‌لى كوردستان هه‌یانه‌، به‌ڵام مێژوو سه‌لماندوویه‌تى كه‌ ئیراده‌ى گه‌لى كوردستان به‌ هیچ كه‌س و هێزێك نه‌شكاوه‌ و ناشكێت.

وه‌زاره‌تى كاروبارى پێشمه‌رگه‌
7/12/2017

kdp -
Top