سەرکردەیەکی یەکێتی: نە عەرەب و نە هیچ کەسی دیکە ناتوانن کورد لە کەرکووک نەهێڵن
حامیدی حاجی غالی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، ڕایگەیاند: "حکوومەتی عێراق و حەشدی شەعبی ناتوانن ئەمری واقیع بەسەر کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکاندا فەرز بکەن کە ئەوان بە ناوچەی کێشە لەسەر ناوی دەبەن، چونکە ئەگەر بیانەوێت کارێکی لەو شێوەیەش بکەن، ئەوا ھەمووان زەرەرمەند دەبن، بۆیە دەبێ بە ھاوبەشی پێکەوە لەو ناوچانەدا بژین".
ئەو سەرکردەیەی یەکێتی، ئەوەشی خستە روو، کە ئێستا بەردەوام و بە خێرای دونیا لە گۆڕانکاریدایە، بۆیە دەبێ ھەموو شتێک لە ڕێی برایەتی و دیموکراسییەوە ئەنجام بدرێت، گوتیشی: "پێموایە ئەو دۆخەی ئێستا ھەیە ھێور دەبێتەوە، بۆ ئەوەش کورد و عەرەبیش پێکەوە ڕۆڵی خۆیانی تێیدا دەگێڕێن".
حامیدی حاجی غالی، ئاشکراشی کرد: "نە عەرەب و نە کەسی دیکە ناتوانێت کورد لە کەرکووک نەھێڵن، چونکە ئەو کارە بە حکوومەتی بەعسیش نەکرا".
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.
باسنیوز
