پەرلەمانتارێک بۆ ئاڵا تاڵەبانی: قودسی کوردستانتان فرۆش بۆ قودسی فەڵەستین دڵتەنگن

 پەرلەمانتارێک بۆ ئاڵا تاڵەبانی: قودسی کوردستانتان فرۆش بۆ قودسی فەڵەستین دڵتەنگن
ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە پشتیوانییەکی ئاشکرای لە خیانەتەکەی 16ی ئۆکتۆبەر کرد کە بەهۆیەوە کەرکووکی قودسی کوردستان ڕادەستی میلیشیاکان کرا، کەچی نیگەرانی بەرامبەر بە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا دەردەبڕێ.

ڕێناس جانۆ، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، نووسینێکی ئاڵا تاڵەبانی، ژنە پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لە یەکێک لە تۆڕەکانی تایبەت بە عەرەبە شیعەکانی عێراق بڵاو کردەوە کە تێیدا ئاڵا تاڵەبانی نووسیویەتی: ”بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا ڕەت دەکەینەوە و ناهەقییە بەرامبەر بە مافە شەرعییەکانی گەلی فەلەستینی موسولمان و دۆست. پێشێلکارییەکی زەقی یاسای نێودەوڵەتی و بڕیارە زۆر و زەوەندەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە. لێدانە لە پرۆسەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست“.

جەختیشی لەوە کردووەتەوە: ”پێش ئەوەی داوا لە موسوڵمانانی جیهان بکەین بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو بڕیارە یەکبگرن، داوا لە گەلی فەلەستین و حکوومەت و حزب و هێزەکانیان دەکەین لە ڕووی ئەو بڕیارە بوەستنەوە“.

لە بەرامبەر ئەو نووسینەدا، ڕێناس جانۆ، سەرەڕای ئەوەی ئاشکرای کردووە کە ئاڵا تاڵەبانی لەکاتی نووسینەکەدا نەیزانیوە کورد لەو تۆڕەدا هەیە، بە تەنزەوە نووسیویەتی: ”قودسی کوردستانتان فرۆشت، بە قودسی فەڵەستین دڵتەنگن“.

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.










باسنيوز
Top