بەرپرسێکی یەکێتیی: دوای کۆنگرەش مام جەلال بە سکرتێری گشتیی فەخری دەمێنێتەوە
دیار مەجید، جێگری مەڵبەندی کۆیەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند: "کۆنگرە دەتوانێ چارەسەری کێشەکانی یەکێتی بکات، بێگومان یەکێتی لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨دا کۆنگرەی چوارەمی خۆی دەبەستێت و لە ئێستاشەوە ئامادەکاری بۆ بەستنی کۆنگرە دەکات“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە بەرلەوەی مام جەلال ماڵاوایی لە ژیان بکات، وەسێتی کردووە لە شاری کۆیە بەخاکی بسپێرن، بەڵام تەرمی مام جەلال بۆ شاری کۆیە نەگەڕێندراوەتەوە، بۆیە ”ئەگەری ئەوە ھەیە وەک ڕێز و وەفایەک بۆ گیانی مام جەلال، یەکێتیی لە شاری کۆیە کۆنگرە ببەستێت، چونکە مام جەلال لە شاری کۆیە ژیاوە و ئەگەر کۆنگرە لە کۆیە ببەسترێت، وەفایەکە بۆ گیانی سکرتێری گشتی."
ئەو بەرپرسەی یەکێتی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا: "تا ئێستا ھیچ کەسێک کاندیدی پۆستی سکرتێری گشتیی یەکێتی نییە و نازانین کێ دەبێتە سکرتێری گشتی، چونکە تا ئێستا ڕوون نییە ئاخۆ لە کاتی کۆنگرە پۆستی سکرتێری گشتی دەمێنێتەوە، یاخود بە پێچەوانەوە، بەڵام ئێمە پێمان باشە یەکێتیی لەکاتی بەستنی کۆنگرەدا سیستەمی ھاوسەرۆکی پەیڕەو بکات".
کارگێری مەڵبەندی کۆیەی یەکێتیی نیشتمانی باسی لەوەش کرد: "یەکێتی دەبێ لە کۆنگرەدا گۆڕانکاری لە پۆستی سکرتێی گشتیدا بکات، چونکە بە درێژایی مێژووی یەکێتی خودی مام جەلال وەکوو سکرتێری گشتی ئیش و کارەکانی یەکێتی بەڕێ کردووە، بۆیە لەکاتی بەستنی کۆنگرەدا، مام جەلال، بە سکرتێری گشتیی (فەرخری) دەمێنێتەوە".
باسنیوز
