پەکەکە لەبارەی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی مەخموور داوای ڕوونکردنەوە لە حکوومەتی عێراق دەکات

 پەکەکە لەبارەی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی مەخموور داوای ڕوونکردنەوە لە حکوومەتی عێراق دەکات
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئاشکرای کرد کە هێرشەکەی شەوی ڕابردووی سەر کەمپی کوردانی باکووری کوردستان لە مەخموور، لە ڕێگەی ئاسمانییەوە ئەنجام دراوە و ئاسمانی ژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتی عێراق بۆ ئەم هێرشە بەکار هێنراوە.



بەپێی ڕاگەیاندراوێکی پەکەکە کە بەناوی (ئەنجومەنی گەل لە کەمپی مەخموور) بڵاوی کردووەتەوە، هێرشەکەی ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 6/12/2017، کاتژمێر 6:45 خولەک ئەنجام دراوە و هێرشێکی ئاسمانی بووە. بەڵام ئەوە ئاشکرا نەکراوە کە ئاخۆ بۆردومانەکە لە ڕێگەی مووشەکەوە یاخود فڕۆکەی جەنگییەوە ئەنجام دراوە.



ئەنجومەنەکە ئەوەی ڕوون کردووەتەوە کە هێرشەکە کراوەتە سەر هێزەکانی پاراستنی کەمپی مەخموور کە دوای هێرشی داعش لە 2014، بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش دروست کراوە، لە ئەنجامیشدا شەهید و بریندار هەیە.



پەکەکە لەو ڕاگەیاندراوەی بەناوی ئەنجومەنەکەوە بڵاوی کردووەتەوە، دووپاتی کردووەتەوە کە ئەوان نازانن کێ هێرشەکەی ئەنجام داوە، بەڵام: ”حکوومه‌تى ناوه‌ندیی عێراق و ئه‌و هێزانه‌ى ئاسمانى عێراق به‌کار دێنن، به‌رپرسیان، ئاسمانى ئه‌م شوێنه‌ى که‌ هێرشه‌که‌ى لێ ئه‌نجامدراوه‌، له‌ لایه‌ن حکوومه‌تى ناوه‌ندیى عێراقه‌وه‌ ده‌پارێزرێت“. بۆیە داوای لە بەغدا کردووە، بەپەلە لە ڕاگەیاندراوێکدا چۆنیەتیی ئەو هێرشە ڕوون بکاتەوە.



هەر لەبارەی هێرشەکەوە ماڵپەڕی (ڕۆژنیوز)ی سەر بە پەکەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکیەوە بڵاوی کردووەتەوە، ئەو سەربازانەی تورکیا کە لە ناو سنووری عێراق دان، هێرشەکەیان ئەنجام داوە.



بەپێی زانیارییەکان، لە ئەنجامی هێرشەکەی سەر کەمپی ئاوارەکانی کوردانی باکوور لە مەخموور، 5 کەس شەهید بوون و ژمارەیەکیش بریندار بوون.




باسنيوز
Top