عێراق دوو هێندەی ساڵی پار بودجە بۆ هێزە چەکدارەکان تەرخان دەکات

 عێراق دوو هێندەی ساڵی پار بودجە بۆ هێزە چەکدارەکان تەرخان دەکات
بەپێی دوایین زانیارییەکان، لە پرۆژەی یاسای بودجەی 2018 عێراقدا بڕی یەک ملیار و 123 ملیۆن دۆلار بۆ وەزارەتی بەرگری و هێزە چەکدارەکان و بەتایبەت حەشدی شەعبی دیاری کراوە.



ئەم بڕە بودجەیەی کە بۆ وەزارەتی بەرگریی عێراق و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی تەرخان کراوە، دوو بەرانبەری ئەو بڕە بودجەیە کە ساڵی پار بۆ کەرتی بەرگریی عێراق تەرخان کرابوو.



پرۆژە یاسای بودجەی 2018ی عێراق کە ئێستا لە پەرلەمانە و بەهۆی پشتگوێخستنی بڕە بوودجەی هەرێمی کوردستان و کەمکردنەوەی لە 17%ەوە بۆ 12%، سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان ناڕەزاییان دەربڕیوە و نووسراوێکیان داوەتە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و سەرۆکایەتیی پەرلەمان و نوێنەرایەتیی وڵاتان و بەم بۆنەوە هەتا ئێستا نەتواندراوە و پرۆژە یاسای بودجەی عێراق لە پەرلەمان کۆبوونەوەی لەسەر بکرێت.



شارەزایانی سیاسی لەو باوەڕە دان تەرخانکردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ هێزە چەکدارەکانی عێراق لە کاتێک دایە کە لەو بڕە بوودجەیەدا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان هیچ بڕە پارەیە تەرخان نەکراوە و بەتەواوەتی پەراوێز خراوە، لە کاتێک دایە بۆ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی 100 ملیۆن دۆلار تەرخان کراوە و هاوکات ژمارەی ئەو میلیشیایانە لە 120 هەزار کەسەوە بۆ 122 هەزار کەس زیاد کراون.



شاخەوان عەبدوڵا، بڕیاردەری لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق پێی وایە حکوومەتی عێراق خەریکە لە حکوومەتێکی نیشتمانی و سیستەمی فیدراڵەوە بەرەو حکوومەتی ئایینی و سەربازی دەڕوات و عێراق بووەتە مەیدانی شەڕی بە وەکالەت بۆ ئێران و چەند وڵاتی دیکە.



باسنيوز
Top