"بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌نگی سوننه له ناوچه‌كه حه‌شدی شه‌عبی هه‌ڕه‌شه له عه‌ره‌بی سوننه‌ی ده‌شتی نه‌ینه‌وا ده‌كات"
گوته‌بێژی هۆزه عه‌ره‌به‌كانی سوننه له ده‌شتی نه‌ینه‌وا ئاشكرای ده‌كات كه له‌ماوه‌ی 10 ڕۆژی ڕابردوودا میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی هه‌ڕه‌شه‌كانیان له‌سه‌ر دانیشتووانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا به گشتی و عه‌ره‌بی سوننه به‌تایه‌تی زۆر توندتر كردووه.
شێخ موزاحیم ئه‌لحویت گوته‌بێژی هۆزه عه‌ره‌كانی سوننه له ده‌شتی نه‌ینه‌وا گوتی: "دانیشتووانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا به تایبه‌تی زووممار و ڕه‌بیعه به‌رده‌وام ئاواره ده‌بن و كه به‌شێكیان ده‌چنه هه‌رێمی كوردستان و به‌شێكیشیان ئاواره‌ی سووریا و توركیا و به‌غدا ده‌بن هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌مه‌ش هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كانی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبییه له‌سه‌ر دانیشتووانی ناوچه‌كه".
گوتیشی: "ئێستا میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی به زه‌بری زوڵم و هێز ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا هه‌یه و ڕۆژانه ماڵی ئه‌و خانه‌وادانه تاڵان ده‌كه‌ن كه ئاواره ده‌بن".
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه له هاووڵاتیانی عه‌ره‌بی سوننه ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌شتی نه‌ینه‌وا چۆڵ بكه‌ن تاوه‌كو له كاتی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌نگی سوننه‌كان كه‌م بێت .
bas news-
