جێگری سەرۆکی پەرلەمان: دەبێت کارەساتی خورماتوو بە جینۆساید بناسرێت
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان (جەعفەر ئێمینکی) لە میانەی کردنەوەی پێشانگایەکی تایبەت بە کارە تاوانکارییەکانی حەشدی شەعبی لە دژی ماڵ و مڵک و هاووڵاتیانی شارۆچکەی خورماتوو، بۆ دەزگا راگەیاندنەکان رایگەیاند: "رێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان لەسەر ئەو بارودۆخە ناهەموارەی بەسەر شارۆچکە و هاووڵاتیانی کورددا لە خورماتوو هێندراوە، راپۆرتی خۆیان نووسیوە، هەروەها لە لایەن پەرلەمانتاران و قایمقامی شارۆچکەکەش مەیدانییەن کاریان لەسەر کردووە."
شارۆچکەی خورماتوو لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر و بە هۆی رێککەوتنێکی نهێنی چەند کەسێکی سەر بە لایەنێک وەک شاری کەرکووک رادەستی حەشد و سوپای عێراقی کرا، دواتریش لە لایەن حەشدەوە چەندین تاوانی کوشتن و دەستدرێژی و سوتاندن و تاڵانکردنی ماڵ و مڵکی هاووڵاتیانی کوردییان دەستپێکرد، لەوبارەشەوە (ئێمینکی) بە ڕۆژنامەنووسانی راگەیاند: "تاوانی گەورە دژ بە کورد و شارۆچکەکە کراوە، پێویستە بە بە جینۆساید بناسرێت، چونکە بەڵگەی حاشاهەڵنەگرمان لە بەردەستە".
ناوبراو پێشانگاکەی ئەمڕۆیشی بە بایەخدانی حکوومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ هاووڵاتیانی ئەو شارۆچکەیە گەڕاندەوە و گوتیشی: "خەڵکانی ئەو شارۆچکەیە نەهامەتییان زۆر چەشتووە و دەبێت بە هانایانەوە بچین و هاوکارییان بکەین".
kdp-
