ئافرەت و منداڵانی چەکدارە بیانییەکانی داعش ڕادەستی وڵاتانیان دەکرێنەوە

 	 ئافرەت و منداڵانی چەکدارە بیانییەکانی داعش ڕادەستی وڵاتانیان دەکرێنەوە
ئەندامێکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق گوتی، نزیکەی ھەزار و٥٠٠ ئافرەت و منداڵی داعش لە بەغدا ھەیە، کە زۆرینەیان بیانین، بۆیە بڕیار دراوە ڕادەستی وڵاتانی خۆیان بکرێنەوە.




ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی عێراق (ئەشواق جاف) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند: "نزیکەی ٥٠٠ ئافرەت و ھەزار منداڵی چەکدارانی داعش لە سنووری تلکێف بوون، پێش دوو حەفتە ڕەوانەی ناوچەی چاکسازی لە بەغدا کراون، کە زۆرینەیان ژن و منداڵی چەکدارانی داعشە بیانیەکانن و بە پێی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەو منداڵانە ڕادەستی وڵاتانی خۆیان دەکرێن .


(ئەشواق جاف) گوتی: ''لەبەر ئەوەی منداڵ ھیچ تاوانێکی نییە بە پێی یاسا، بۆیە ئەو منداڵە خەڵکی چ وڵاتێک بن، ئەگەر داوایان پێشکەش کرد، ڕادەستیان دەکرێنەوە''.


(جاف) ڕوونیشی کردەوە: ''ئەو وڵاتانە داوای منداڵەکانی خۆیان کردووە، لەوانە تورکیا و ئەڵمانیا و ڕووسیا داوایان پێشکەش کردووە، بۆ ئەوەی منداڵەکانیان ڕادەست بکرێتەوە.''

(جاف) گوتیشی: ''بەنیسبەت ئافرەتەکان، ئەوانەی تاوانیان نییە، وەک مرافق بووە لەگەڵ چەکدارانی داعش، ئەوانیش ڕادەستی وڵاتانی خۆیان دەکەن، بەڵام ئەوانەی تاوانیان ھەیە، ڕادەست ناکرێنەوە و بە پێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، چونکە بەتاوانبار حیسابن.'.
kdp-
Top