ھەڵسوڕاوێکی بزووتنەوەکە: گۆڕان پۆستی پارێزگاری سلێمانی وەرنەگرتایە باشتر بوو
دوێنێ ٥\١٢\٢٠١٧ ھەڤاڵ ئەبوبەکر، وەک پارێزگاری سلێمانی دەستبەکاربوو و سوێندی یاسایی خوارد، لەناو گۆڕانیش نیگەرانی ھەیە کە نەدەبوو گۆڕان ئەو پۆستە وەربگرێت، چونکە ناتوانێت لە ماوەی ٦ مانگ گرفتەکان چارەسەربکات.
نەسرین جەمال، ھەلسوڕاوی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان، رایگەیاند: "سلێمانی گرفتی زۆرە، بەداخەوە ئیدارەی شارەکە گرفتی ھەبووە و حکوومەت وەک پێویست ئاوڕی لێنەداوەتەوە، رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕانیش وەک خۆی جێبەجێ نەکرا، ھەموو ئەمانەش لەسەر داھاتووی ئیدارەی شارەکە کاریگەری خراپ دروست دەکات، بۆیە دەبوایە پێشوەختە ئامادەکاری ئیدارە و چارەسەری گرفتەکان بکردبایە، ئێستاش گۆڕان بە کۆمەڵێک گرفتی ئیدارییەوە ئەو پۆستە وەرگرتووە و ئەرکی قورس بووە ".
ئەو ھەڵسوڕاوەی گۆڕان، جەختیشی لەوە کردەوە، کە گۆڕان بیتوانیایە ئەو پۆستەی وەرنەگرتبایە زۆر باشتر بوو، بەھۆی ئەو ھەموو کێشە کەڵەکەبوویانەی بەجێ ماون.
سیروان شەریف، مامۆستای زانکۆی سلێمانی، ئاماژەی بەوە دا، کە بزووتنەوەی گۆڕان خۆی تووشی پۆستێک کرد، کە ناتوانێت وەک خۆی بەدڵی سلێمانی کاری بکات، چونکە سلێمانی باجی لەسەر رێککەوتنی ھەڵە داوە کە لەنێوان گۆڕان و یەکێتی ھەبووە، ئێستاش چاوەڕوانی کاری باش ناکرێت، چونکە رێککەوتنی نێوانیان رێگرە لە کارەکانی".
باسنیوز
