وڵاتێکی ئەوروپی 100 راوێژکار بۆ پێشمەرگە دەنێرێت
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی (یوکەی دیفێنس جۆرناڵ)ی سکۆتلەندی، ئەو 100 راوێژکارە سەربازییەی سکۆتلەندا لە بوارەکانی مەشقی سەربازی، کارامەییەکانی هێزی پیادە، بەهاناوەچوونی خێرای پزیشکی و پووچەڵکردنەوەی بۆمب، هاوکاریی پێشمەرگە دەکەن.
ئەو 100 راوێژکارە، ئەفسەر و سەربازی کەتیبەی دووەمی فەوجی شاهانەی سکۆتلەندین و بۆ ماوەی شەش مانگ مەشق بە پێشمەرگە دەکەن.
ناردنی ئەو هێزە لە سکۆتلەنداوە بۆ کوردستان، هاوکاتە لەگەڵ سەپاندنی چەندین گەمارۆی سیاسی، ئابووری و سەربازیی بەسەر هەرێمی کوردستان لەلایەن عێراقەوە.
سکۆتلەندا، کە وڵاتێکی پێکهێنەری بەریتانیای گەورەیە، هاوشێوەی هەرێمی کوردستان ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی ئەنجام دا، بەڵام پێچەوانەی هاووڵاتییانی کوردستان، کە لە 25ـی ئەیلوولی 2017 زیاتر لە %92ـیان دەنگیان بە سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراقدا دا، زۆرینەی هاووڵاتییانی سکۆتلەندا داوای مانەوە لە چوارچێوەی بەریتانیا، دا.
باسنيوز
