ئاوارەكانی خورماتوو لەبەردەم UN لە هەولێر مانیان گرت

ئاوارەكانی خورماتوو لەبەردەم UN لە هەولێر مانیان گرت
ئاوارەكانی خورماتوو لە هەولێر لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەرامبەر وەڵامنەدانەوەی داواكارییەكانیان دەستیان داوەتە مانگرتن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 6/12/2017، ئەبووبەكر عەلی، یەكێك لە ڕێكخەرانی گردبوونەوەكەی دوێنێ سێشەممە 5/12/2017، ئاوارەكانی خورماتوو، لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان (UN) لە هەولێر ڕایگەیاند: "دوێنێ سێشەممە بەشێك لە ئاوارەكانی خورماتوو لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان گردبوونەویەكیان ئەنجام دا و لەمەڕ ئەو تاوانكارییانەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كە لە خورماتوو ئەنجامی داوە لەو گردبوونەوەیەدا چەند داواكارییەكیان ئاراستەی نەتەوە یەكگرتووەكان كرد".

ئەو هاووڵاتیەی خورماتوو گوتیشی: "پاشان بڕیارمان دا لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان، دەست بدەینە مانگرتن تا وەڵامی داواكارییەكانمان دەدرێتەوە".

داواكاریی ئاوارەكانی خورماتوو لە نەتەوە یەكگرتووەكان بریتین لە:

1-پێكهێنانی لێژنەیەكی تایبەت بە خورماتوو بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و ڕۆژانی دواتر.

2-پێكهێنانی لێژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لەو كارەستاتەی كە بەسەر دوو گەڕەكی کوردنشینی "كۆماری و ڕزگاری"ی خورماتوودا هێنراون.

3-دابینكردنی هێزێكی بێلایەنی سەر بەنەتەوە یەكگرتووەكان، بە مەبەستی پاراستنی هاووڵاتییانی شاری خورماتوو.









باسنیوز
Top