لە هەولێر کۆنفرانسێکی دوو ڕۆژەی ڕۆشنبیری و توندوتیژی بەڕێوە دەچێت
ئەو کۆنفرانسە کە کاتژمیر 10ی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 2017/12/6 لە هۆلێ سەعد عەبدوڵا بە ئامادەبوونی دەیان ئەکادیمی و ڕۆشنبیران و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەستی پێکرد و سبەینێ پێنجشەممەش بەردەوام دەبێت.
لە کۆنفرانسەکەدا وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وتارێکی لەبارەی ڕۆشنبیری و توندوتیژی و ڕێکار و ڕێگاکانی ببنڕکردنی پێشکەس کرد.
پاشان سەفین دزەیی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەو کۆنفرانسەدا لە لیدوانێکدا گوتی: "توندوتیژی دیاردەیەکە لە هەموو شوێنێکی جیهان هەیە و تەنانەت لە وڵاتانی پێشکەوتووش توندوتیژی بەرانبەر بە مرۆڤ دەکرێت، بەو مانایە نییە کە توندوتیژی تەنیا لە بەرەکانی شەڕدا بە چەک دەکرێت، بەڵکوو ڕەچاوکردنی سیاسەتی ناڕەوا بەرانبەر خەڵکی سڤیل خۆی توندوتیژییە و لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش زۆر تۆخترە".
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە درێژەدا گوتیشی: "بۆ بنبڕکردنی توندوتیژی لە هەرێمی کوردستان، دەبێ ناوەندە زانستی و ڕیکخراوەکان و بەتایبەت زانکۆکان بە وانە بیخەنە مەنهەج و سەرچاوەکانی خوێندنەوە و کار بۆ سڕینەوە و بەرەنگابوونەوەی بکرێت".
بڕیارە لە ماوەی ئەم دوو ڕۆژەدا لە کۆنفرانسەکەدا لە چەندین پانێلی جیاجیادا چەند باس و گفتوگۆی پەیوەندیدار بە ڕۆشنبیری و توندوتیژی بخرێنەر بەرباس و تاوتوێ بکرێن.
باسنیوز
