پەرلەمانتارێكی یەکێتی: تاوانەكانی حەشدی شەعبی هەموو بەها مرۆییەكانیان بەزاندووە

 پەرلەمانتارێكی یەکێتی: تاوانەكانی حەشدی شەعبی هەموو بەها مرۆییەكانیان بەزاندووە
پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای دەگەیەنێت، تاوانەكانی حەشدی شەعبی لە كەركووك و خورماتوو و داقووق، هەموو بەها مرۆییەكانیان تێپەڕاندووە.

محەمەد عوسمان، پەرلەمانتاری یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە پرێس كۆنفڕانسێكدا ڕای گەیاند: "دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردووی كەركووك و خورماتوو و داقووق كە بەدۆخێكی خراپ و مەترسیدار تێپەڕ دەبن، بە تایبەت هەردوو قەزاكانی خورماتوو و داقووق كە دەستدرێژی و تاوانەكانی تێیدا گەیشتووەتە ئاستێك كە هەموو بەها مرۆییەكانی تێپەڕاندووە و پێشێلكردنی زەقی دەستووری عێراق و مافەكانی مرۆڤە و دەچێتە خانەی جینۆسایدی گەلی كوردەوە سەرجەمیان دیكۆمێنت كراون كە لە لایەن گرووپێكی چەكداری ناو حەشدی شەعبییەوە ئەنجام دراون و ئێمەش دەپرسین، كام بڕگەی دەستوور ڕێگە دەدات بە كوشتنی هاووڵاتییانی كورد بەدڕەندەترین شێوە وەك ڕاكێشانی مرۆڤ بە دوای ئۆتۆمبێلدا تا گیان لەدەست دەدات و شەهید دەبێت و كام یاسا ڕێگەی بە ڕفاندنی هاووڵاتییانی مەدەنیی كورد دەدات، هاوكات ئەو چەكدارانە خەڵكیان بێ سەروشوێن كردووە و خانووی هاووڵاتییانیان تەقاندوەتەوە كە تا ئێستاش بەردەوامە".

پەرلەمانتارەكەی یەكێتی، گوتیشی: "لە بارەگای حزبە كوردییەكان و بازگەكان سووكایەتی بە خەڵك دەكرێت و چەندین بەرپرسی یەكە كارگێڕییەكان تەنیا لەبەر ئەوەی كوردن لابراون، بەبێ بوونی هیچ ڕێكارێكی یاسایی یان ئیداریی لابراون".

محەمەد عوسمان، ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، دەیان هەزار هاووڵاتیی ئاوارە بوونە لە بەردەستی هێزە عێراقییەكان و بە بەرچاوی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراقەوە كە بێدەنگیی هەڵبژاردووە، بۆیە لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگادار دەكەینەوە كە لەمە زیاتر بەرگەی ئەو دۆخە ناگرین.

ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاكانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بەڕێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی یەكێتی، پەلاماری كەركووك و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەردا گرت و سەدان هاووڵاتیی كوردیان شەهید و بریندار كرد و نزیكەی 200 هەزار كەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، كۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سكترتێری گشتی یەكێتی لە پەیامێكدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی كارەساتەكانی كەركووك و خورماتوو لە ئەستۆی كاڵفامەكانی ناو یەكێتی دایە".










باسنيوز
Top