ھەڵسووڕاوێکی گۆڕان: بەھۆی نزیکبوونەوەمان لە یەکێتی باجی 16ی ئۆکتۆبەر دەدەین
عەبدولڕەحمان ئەحمەد، ھەڵسوڕاوی گۆڕان و پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان، رايگەیاند: "دەبێت گۆڕان کۆبوونەوەکانی رابگرێت، بەتایبەت نزیکبوونەوە لە باڵێکی یەکێتی، چونکە گۆڕان بەوھۆیەوە باجی 16ی ئۆکتۆبەر دەدات".
ئەو ھەڵسووڕاوەی گۆڕان، ئەوەشی خستە ڕوو کە گرنگە ھەردوو جڤاتی گشتی و نیشتمانی، ئاگادار بکرێنەوە لەوەی ئەوەی دەکرێت، ھەڵەیە.
ھاوکات نەسرین جەمال، ھەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان، ئاماژەی بەوە دا کە گۆڕان دەبێت ئەو پرسە یەکلا بکاتەوە، ”یان ڕێککەوتنەکە ھەڵبوەشێنێتەوە، یان نابێت خۆی بکاتە قوربانیی یەکێتی“. گوتیشی: ”ئەوەی لە 16ی ئۆکتوبەر ڕووی داوە، کەم نییە و دەبێت گۆڕانیش ھەڵوێستی ھەبێت".
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.
باسنيوز
