بەپیلانی حەشدی شەعبی پۆستە ئیدارییەکانی کەرکووک لە کورد دەسەنرێنەوە
سەرچاوەیەکی ئاگەدار ڕای گەیاند: "دوای رێککەوتنەکەی میلشییاکانی حەشدی شەعبی لەگەڵ گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ناو یەکێتی بۆ داگیرکردنی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان، ئێستا خەریکە پیلانەکان جێبەجێ دەکەن، بەڵام ئێستا حەشدی شەعبی خەریکی جێبەجێکردنی پیلانەکانی خۆیەتی و لە سەرەتاشدا بە دەرکردنی قایمقام و بەرپرسانی دیکەی کورد لە یەکە کارگێڕییەکان دەستی پێ کردووە و تەنانەت ئێستا یەکێتی ناتوانێت پارێزگارێکی بەوەکالەتیش بۆ کەرکووک دابنێت".
سەرچاوەکە ئەوەشی خستە ڕوو، ڕێژی فەرمانبەرانی کورد لەنێو فەرمانگە حکوومییەکانی کەرکووک ناگات بە لە %٣٠، بەڵام بەشێکی بەرچاو لە بەڕێوەبەرانی فەرمانگەکانی کەرکووک کوردن، ئێستا حەشدی شەعبی پیلانی ھەیە چەند بەرپرسێک لابدات، بەتایبەتی ئەو بەرپرسە ئیدارییانەی کە لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون.
لەم بارەیەوە، ئەمیر خواکەرەم، قایمقامی قەزای داقووق، کە ئەو پۆستەی لە پشکی یەکێتی وەرگرتبوو، ڕای گەیاند: "ئەنجومەنی قەزای داقووق لەژێر ھەڕەشەی چەکدارەکان کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا و تێیدا بڕیار دراوە کە لە پۆستەکەم دوور خراومەتەوە و ھەواڵی لادانم لە پۆستەکەم لە ڕێگای تەلەفۆنەوە پێم گوتراوە".
ڕاشی گەیاند: "لە ژیانمدا سووکایەتیم لە کەس قبووڵ نەکردووە و ناشگەڕێمەوە بە لاوازی و چەکدارەکان بە ئارەزووی خۆیان بێن و تەعەدا لە خەڵک بکەن و منیش بێدەنگ بم و دوور لە دەسەڵاتی دەستوو و یاسادا کار بکەم.
پێوەند بەم باسە، ئەرسەلان عەلی، بەرپرسی لێژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی، ڕای گەیاند: "ئێستا ھادی عامری، سەرکردەی باڵای میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەستێوەردان لە کاروباری ئیداریی خورماتوودا دەکات و لە نوێترین ھەوڵیاندا لەسەر داوای حەشدی تورکمانی دەیانەوێت کەسێک بە ناوی حەسەن زەینئەلعابدین کە تورکمانێکی شیعەیە بۆ پۆستی قایمقامی خورماتوو دیاری بکەن و بەتەواوی کورد پەراوێز بخەن.
ئەنجومەنی قەزای خورماتوو لە ساڵی ٢٠٠٥ و لەکاتی حوکمڕانی ئەمەریکییەکان لە ٧ کورد و ٧ عەرەب و ٧ تورکمان پێکھێنرا.
لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ کورد لە خورماتوو ژمارەیەک پۆستی ئیداریی لەدەستا بوو و ئێستاش تاکە پۆستی گرنگ کە بە دەستی مابێتەوە پۆستی قایمقامی خورماتووە و ئێستاش ھەوڵ ھەیە ئەو پۆستە لە کورد بسەنرێتەوە.
ھادی عامری، سەرکردەی باڵای حەشدی شەعبی و ئەحمەد جبووری پارێزگاری سەڵاحەدین و مەھدی تەقی، فەرماندەی باڵای حەشدی تورکمانی، کۆبوونەوەیەکیان ساز داوە و لەو کۆبوونەوەیەدا ڕێک کەوتوونە کە پۆستی قایمقامی خورماتوو لە کورد بەسەنرێتەوە.
بەڵام، پێشتر شاخەوان عەبدوڵا، نوێنەری کەرکووک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای گەیاند: "ھەر بڕیارێک ئێستا بدرێت، ناشەرعی و نایاسایین، چونکە ئێستا حەشدی شەعبی کەرکووک و دەوروبەریان داگیر کردووە".
لە لایەکی تریشەوە، وەزارەتی پەروەردەی عێراق فۆرمێکی ڕەوانەی کەرکووک کردووە، سەبارەت بەو مامۆستایانەی کە بەشداریی پرۆسەی ڕیفراندۆمیان کردووە لە ٢٥/٩/٢٠١٧ داوا کراوە لە مامۆستایان ئەو فۆرمە پڕ بکەنەوە، ئەگەر ھەر مامۆستایەکیش ڕێگری بکات لە پڕکردنەوەی ئەو فۆرمە، لێپێچینەوەی توندتری لەگەڵدا ئەنجام دەدرێت.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، بەچاوساخیی گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سوپای عێراق، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و حزبوڵای لوبنانی بە سەرپەرشتیی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران ھێرشیان کردە سەر خورماتوو و کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی ئەو سنوورەیان داگیر کرد و ھەزاران ھاووڵاتیی روویان لە ھەرێمی کوردستان کرد.
باسنيوز
