بزووتنەوە و یەکگرتوو لەبەر تاکڕەویی عەلی باپیر لە هاوپەیمانیی ئیسلامییەکان کشانەوە
د. ئامانج عەلی، توێژەر لە بواری ئیسلامی سیاسی ڕاگەیاند: عەلی باپیر لەپێناو شاردنەوەی شکستی ناوخۆیی حزبەکەی، ھێرشی کردووەتە سەر سەرۆک بارزانی، ئەگینا کۆمەڵ لەناوخۆی خۆیدا شکستی هێناوە“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە یەکێک لە بەهێزترین گرووپەکانی نێو کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، ئەوانە بوون کە بە (باڵی نەهزە) ناسرابوون، بەڵام ”عەلی باپیر ئەوانی دوورخستەوە و ئەوەتا ئێستا ئارام قادر کە سەرکردەیەکی باڵەکە بوو، ڕەوتێکی نوێ دروست دەکات“. گوتیشی: ”ئەم باڵە زۆر بەخراپی لەناوبراون و ڕووبەڕوویان بوونەتەوە، لەکاتێکدا باڵی سەرەکی و بەھێزی ئەو حزبە بوون، بەڵام لەترسی دەستاودەستی دەسەڵات و دەسەڵاتی خودی عەلی باپیر، ھەر زوو لە پێگەی کۆمەڵ دوورخراونەتەوە“.
توێژەرەکە بە دووریشی نەزانی چەند باڵێکی دیکە لە کۆمەڵی ئیسلامی جیاببنەوە، بەهۆی ئەوەی ”نەفەسی تاکڕەوی لەو حزبەدا زۆر بووە، ھەر ئەوەشە وای کردووە کە یەکگرتوو و بزووتنەوە لێی دووربکەونەوە".
هەر لەمبارەیەوە محەمەد بازیانی، چاودێری سیاسی و سەرۆکی پارتی گەشە، ڕاگەیاند: "حزبە ئیسلامییەکان لە گەشە دەوەستن، چونکە لەناوخۆیاندا ناتوانن یەکبگرین و لەناوخۆی خودی حزبەکانیش نەخۆشیی سیاسییان ھەیە، ئیتر ئەمە وای کردووە کە بەرەی ئیسلامیی سیاسی نەتوانێت هەڵسێتەوە و کەوتووە، خۆشیان زیان دەکەن، چونکە لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا دەنگەکانیان ناھێننەوە".
باسنیوز
