قاسم شەشۆ: فەرماندەیی پێشمەرگەی شنگال هەڵدەوەشێتەوە

قاسم شەشۆ:  فەرماندەیی پێشمەرگەی شنگال هەڵدەوەشێتەوە
دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، بە فەرمانی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، فەرماندەیی پێشمەرگەی شنگال هەڵوەشایەوە. فەرماندەیەكی ئەو هێزەش دەڵێت لەو هەشت هەزار پێشمەرگەیەی سەر بەو فەرماندەییە بوون، لە كاتی هاتنی حەشدی شەعبی بۆ شنگال تەنیا 500 كەسیان شنگالیان جێهێشت.

دوای رزگاركرنی ناحیەی سنوونێ‌ و بەشێك لە خاكی شنگال، بە فەرمانی مەسعود بارزانی، بەرپرسی پێشووی هێزە چەكدارەكانی كوردستان، ژمارەیەكی زۆر لە كوردی ئێزدی كە بەشێوەی خۆبەخش بەرگرییان دەكرد، لەژێر ناوی فەرماندەییەك بەناوی فەرماندەیی پێشمەرگەی شنگال رێكخران و قاسم شەشۆ كرایە بەرپرسی فەرماندەییەكە. ژمارەی پێشمەرگەكانیش نزیكەی 8000 پێشمەرگە دەبوون.

دوای ئەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لە رۆژی 16ی ئۆكتۆبەر پەلاماری كەركووك و دووزخورماتوو و چەند ناوچەیەكی دیكەیان دا، رۆژی دواتر بەبێ‌ هیچ بەرگرییەك چوونە نێو قەزای شنگال و ناحیەی سنوونێ‌. ئەوكات بەشێك لە بەرپرسانی ئیداری و هێزەكانی ئاسایش لە شنگال كشانەوە، بەڵام قاسم شەشۆ و بەشێكی زۆری پێشمەرگەی فەرماندەیی شنگال لەگەڵ حەیدەر شەشۆ و هێزەكەی بڕیاریان دا هەر لە شنگال بمێننەوە، بەڵام سەنگەرەكانی پێشوویان چۆڵ كردووە و ئێستا لە نزیك مەزارگەی شەرفەدینن.

فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە فەرماندەیی شنگال كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (رووداو)ی گوت: "لە كاتی هاتنی حەشدی شەعبی بۆ شنگال، زۆربەی فەرماندەكانی كوردی ئێزدی لە فەرماندەیی شنگال بڕیاریان دا شەڕ نەكەن، ئەوان گوتیان حەشدی شەعبیش هەر ئێزدین، ئێمە شەڕی ئێزدیان ناكەین، قاسم شەشۆ و بەشێكی زۆری هێزەكەی شنگال هەر لە ناو شنگال مانەوە، بەڵام چەند فەرماندەیەك و جێگری فەرماندەی شنگال لەگەڵ نزیكەی 500 پێشمەرگە هاتینە نزیك رەبیعە و لەوێ‌ جێگیر بووین".

ئەو فەرماندەی پێشمەرگە هەروەها گوتی: "چەند رۆژێك دوای هاتنی حەشدی شەعبی بۆ شنگال، مەسعود بارزانی رایگەیاند شتێك بەناوی فەرماندەیی شنگال نەما، ئێمە ئەوانەی لەگەڵ پێشمەرگە بووین، لە گوندی وەلیدیە ماوین و لەگەڵ پێشمەرگە بەرگریمان كرد".

فەرماندەیی پێشمەرگەی شنگال بە فەرمانی بارزانی دروستكرابوو، مانگانە جگە لە نەسریە هەر یەكەیان بڕی 300 دۆلاری وەكو هاوكاری وەردەگرت. هەموویان لە سەربازگەی پێشخابوور مەشق و راهێنانیان پێكرابوو.

شێخ سەعید سلێمان، ژمێریاری فەرماندەیی پێشمەرگەی شنگال كە ئێستا لە ئەڵمانیایە، لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا كە لە لاپەڕەكەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، دەڵێت: "پێش هاتنی حەشدی شەعبی بۆ شنگال 8250 پێشمەرگە لە فەرماندەیی شنگال هەبوون، مانگانە زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلار مووچەی هەموو پێشمەرگەكان بوو". شێخ سەعید داوا دەكات مووچەی ئەو پێشمەرگانە خەرج بكرێ‌ و دەڵێت: "نەك تەنیا لە شنگال، لە كەركووك و مەخموور و زۆر شوێنی دیكەش پێشمەرگە شەڕی نەكرد، ئێمە هەر پێشمەرگەین و دەبێ‌ مووچەی ئێمە خەرج بكرێت، ئەوە غەدرە لە ئێمەی دەكەن".

حەیدەر شەشۆ فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدیخان كە نزیكەی 6000 پێشمەرگەی هەیە و هەزار كەسیان سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بوون، بە (رووداو)ی گوت :"لەو رۆژەی حەشد هاتووە ئێمە هەر لە شنگال ماوین، ئێستاش هەر پێشمەرگەین، بەڵام هەتا ئێستا وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی ئێمەی نەداوەتەوە و هیچ رێنمایی بە ئێمە نەداوە، هەروەها مووچەشیان بۆ خەرج نەكردووین".

عەمید هەڵگورد حیكمەت بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە لە لێدوانێكدا بۆ (رووداو) پشتڕاستی كردەوە كە فەرماندەیی شنگال هەڵوەشاوەتەوە و گوتی: "لە كاتی هاتنی حەشدی شەعبی بۆ شنگال هێزەكانی پێشمەرگە لە شنگال بڕیاریان دا بكشێنەوە، هێزەكەی حەیدەر شەشۆ و ئەو هێزەی فەرماندەیی شنگال بڕیاریان دا لەوێ‌ بمێننەوە، بۆیە ئێستا ئەوان خۆیان تەحەممولی بەرپرسیارێتی دەكەن".

دەربارەی فەرماندەیی پێشمەرگەی شنگالیش، هەڵگورد حیكمەت دەڵێت: "ئێستا فەرماندەیی شنگال نەماوە، هەندێك لە پێشمەرگەكانی دوای هاتنی حەشدی شەعبی لەوێ‌ نەمان و ئێستا لە سەنگەردان، وەزارەتی پێشمەرگە خەریكە ئەو هێزانە دووبارە رێكدەخاتەوە و لە ماوەیەكی نزیكدا مووچەكانیان خەرج دەكەین".




رووداو
Top