عەرەفات كەرەم: كورد یەكھەڵوێستە و، واژۆی ھەموو فڕاكسیۆنە كوردییەكانیش لەسەر نامەكە ھەیە
نامەیەكی فڕاكسیۆنە كوردییەكان بە واژۆی سەرۆكی ھەر پێنج فڕاكسیۆنی كوردی ئاڕاستەی ھەرسێ سەرۆكایەتیی عێراق و لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق كراوە و، تێیدا كۆمەڵێك داواكاریی كوردی خراونەتە ڕوو، لەوانە گۆڕینی ناوی پارێزگاكانی ھەرێم بۆ حكوومەتی ھەرێم، لەبەر ئەوەی پێچەوانەی ماددەی ١١٧ـی دەستووری عێراقە، جگە لەوەیش پشكی ھەرێم وەكوو ساڵانی رابردوو بكرێتە ١٧% و مووچەی ھێزی پێشمەرگە و پێداویستییەكانیان لە رووی چەك و تەقەمەنییەوە دابین بكرێت، هەروەها پشكی پارێزگای ھەڵەبجەیش ھاوشێوەی پارێزگاكانی دیكە لە بوودجە دابین بكرێت".
سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق (د. عەرەفات كەرەم)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ئێمە نامەكەمان ئاڕاستەی سەرۆكوەزیران، سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆككۆمار و لیژنەی دارایی كردووە، ئەگەر داواكارییەكانی ئێمە جێبەجێ نەكرێن، دەنگ بە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق نادەین".
(كەرەم) گوتیشی، "ئێمە مەبەستمان لەو نامەیە بۆ ئەوەیە كە بزانن كورد لەبارەی پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق و پشكی ھەرێمی كوردستان لەو پڕۆژەیاسایەدا یەكھەڵوێستە و، واژۆی ھەموو فڕاكسیۆنە كوردییەكانیش لەسەر نامەكە ھەیە و جەختمان كردووەتەوە كە ئەگەر داواكارییەكانی ئێمە جێبەجێ نەكرێن، دەنگی پێ نادەین و جگە لە ئێمە، سوننە و ئەو پارێزگایانەی نەوتیشیان لێ بەرھەم دەھێندرێت، تێبینیی زۆریان لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە ھەیە".
سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕوونیشی كردەوە، "سەرۆكایەتیی پەرلەمان پڕۆژەیاساكەی داوەتە لیژنەی دارایی و، ئێمەیش داواكاری و تێبینیی خۆمان داوەتە لیژنەكە، بۆ ئەوەی ئەگەر لە ماوەی ئەم مانگەدا توانییان لەگەڵ حكوومەت چارەی بكەن، دانیشتنێكی نائاسایی لەبارەوە ساز دەكرێت و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ دەكرێت، چونكە پەرلەمان لە پشوودایە، بە پێچەوانەوە خوێندنەوەی یەكەم بۆ ئەو پڕۆژەیاسایە دەچێتە ساڵی داھاتووەوە".
لەبارەی داواكاریەكانی كوردیشەوە، (كەرەم) گوتی، "داوامان كردووە ناوی پارێزگاكان بكرێتە حكوومەتی ھەرێم و پشكی ھەرێم بكرێتە ١٧% ، هەروەها بوودجەی پێشمەرگە بدرێت و مووچەی فەرمانبەرانیش دابین بكرێت، ھەموو فڕاكسیۆنەكانیش لەسەر ئەو داواكاریانە یەكھەڵوێستن".
kdp-
