مامۆستایەکی زانکۆ: عەبادی باجی ھەڵەکانی بەرامبەر کوردستان دەدات

 مامۆستایەکی زانکۆ: عەبادی باجی ھەڵەکانی بەرامبەر کوردستان دەدات
سەرۆکی بەشی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سلێمانی رایدەگەیەنێت، کە ئەگەر سەرۆک وەزیرانی عێراق بەردەوام بێت لە گوشارخستنە سەر کوردستان، رۆژێک دێت ”باجی ھەڵەکانی بدات“.



د. عابد خالید، سەرۆکی بەشی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سلێمانی راگەیاند، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەشێوەیەکی نایاسایی و نادەستووری سزای ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دەدات.



عابد خالید پێی وایە گوشارەکان و گەمارۆکانی حەیدەر عەبادی بۆ سەر کوردستان ھەوڵێکی ئەوە بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و ئامادەکاریی دەکات بۆ دووبارە بوونەوە بە سەرۆک وەزیران.



سەرۆکی بەشی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەگەر سەرۆک وەزیرانی عێراق بەردەوام بێت لە گوشارخستنە سەر کوردستان، ئەگەرێکی زۆر ھەیە عێراق ھەڵبووەشێتەوە، ”چونکە بابەتی بەھێزی ڕێژەییە، ڕاستە ئێستا عێراق بەرامبەر ھەرێمی کوردستان بەھێزە، بەڵام ڕەنگە ڕۆژێک بێت کورد بەھێزتر بێت، ئەوکاتە ھەموو گۆڕانکارییەکان لە بەرژەوەندی گەلی کورد دەبێت، بەجۆرێک ئەوکاتە عەبادی باجی ھەڵەکانی خۆی دەدات“.



سەبارەت بە ھەڵوەشادنەوەی ئەنجامی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، عابد خالید رایگەیاند، ھەوڵدان بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆم کارێکی نادروستە، چونکە ”ھیچ ھێزێک ئەو مافەی پێ نەدراوە ھەوڵی ھەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆم بدات“.




باسنیوز
Top