گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر داوای هەڵوەشاندنەوەی لێژنەیەک لە کۆسرەت ڕەسول دەکەن

 گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر داوای هەڵوەشاندنەوەی لێژنەیەک لە کۆسرەت ڕەسول دەکەن
بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی ئەو لێژنەیەی کە لەلایەن مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە خیانەتەکەی 16ی ئۆکتۆبەری گرووپێکی نێو یەکێتی پێکهێنراوە، گرووپە خیانەتکارەکە داوایەک لە کۆسرەت ڕەسول عەلی دەکەن.



بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، لە میانی سەردانەکەی لاهور جەنگی بۆ لای کۆسرەت ڕەسول و پێشتریش کە ئاسۆ مامەند چەند ڕۆژێک دیداری لەگەڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی هەبووە، داوای ئەوەیان کردووە کە ئەو لێژنەیەی بۆ لێکۆڵینەوە لە خیانەتەکەی 16ی ئۆکتۆبەری گرووپێکی نێو یەکێتی پێکهێندراوە، هەڵبوەشێندرێتەوە.



لەمبارەیەوە فەرید زامدار، ئەندامی پێشووی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی و دۆستی دێرینی تاڵەبانی، ب ڕاگەیاند: ”بڕیار وابوو لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتییەوە لێژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکەی کەرکووک دروست بکرێت، تا ڕاستیی ڕووداوەکە ئاشکرا بکرێت، ئێستا هەڕەشە لەو کەسانە دەکرێت کە ناویان نووسراوە بۆ ناو لێژنەکە، بۆیە ئەگەر هەیە بەشێکی زۆری ئەندامانی لێژنەکە دەستیان لەکارەکە بکێشنەوە".



لە بەرامبەر هەوڵەکانی ئەو گرووپەی نێو یەکێتی، ڕەمزییە شەعبان، پەرلەمانتاری پێشووی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”دەبێت لێکۆڵینەوە بکرێت و راستیی ڕووداوەکە ئاشکرا بکرێت، چونکە ناکرێت یەکێتی باجی ئەو بابەتە بدات".



ڕۆژی 26/11/2017، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئەوەی ئاشکرا کرد کە دۆخی ناوخۆی یەکێتی ئاڵۆزە و کاتێکیش باسی لێکۆڵینەوە لە ”کارەساتی کەرکووک“ دەکرێت، ڕەت دەکرێتەوە.



ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەری نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.



ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.



باسنیوز
Top