پڕۆژە چاکسازییە ٣٥ خاڵییەکەی وەزارەتی پێشمەرگە قۆناخی باشی بڕیوە

 	 پڕۆژە چاکسازییە ٣٥ خاڵییەکەی وەزارەتی پێشمەرگە قۆناخی باشی بڕیوە
بەرپرسی پێوەندییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، بۆردی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە بە ھاوکاریی ھاوپەیمانان بەردەوامن لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕێکخستنەوە و یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە و تا ئێستاش قۆناغی باشی بڕیووە، بەڵام پێویستی بە کاتی زۆر ھەیە.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان عەمید (ھەژار عومەر) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆژەکەی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە ناوی پڕۆژەی چاکسازییە لە ٣٥ خاڵ پێک دێت، دەست بە جێبەجێکردنی کراوە لە لایەن بۆردی چاکسازی کە لە وەزارەتی پێشمەرگە دروست کراوە و ھاوپەیمانانیش تێیدا بەشدارن، ئەمەش بۆ ڕێکخستنەوەی وەزارەتی پێشمەرگەیە، کە کاتی زۆری دەوێت، تا جێبەجێ دەکرێت، چونکە پڕۆژەیەکی گەورەیە کە وەزارەتی پێشمەرگە پلانی بۆ داڕشتووە".

سەبارەت بەوەی چ قۆناغێکی بڕیووە لە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە، عەمید (ھەژار عومەر) گوتی: "ئەو پڕۆژەیە قۆناغی زۆر باشی بڕیووە لە جێبەجێکردنی و بۆردێکی بە ناوی چاکسازی دروست کراوە، بۆ جێبەجێکردنی و خولێکی مەشق و ڕاھێنان لە لایەن وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا بۆ کراوەتەوە و مانگانە دوو جار کۆبوونەوە دەکرێت بۆ ئەوەی ھەر جارە و ئەولەویەت بۆ جێبەجێکردنی چ خاڵێک لەو ٣٥ خاڵە بێت و بڕیارە سبەینێیش کۆبوونەوەیەک لەبارەی ئەو پڕۆژەیەوە بکرێت."

)عومەر) ڕوونیشی کردەوە: "ئەو پڕۆژەیە بۆ چاکسازییە و بۆ ڕێکخستنی ھێزی پێشمەرگەیە، بۆیە کار لەسەر ھەموو خاڵەکان دەکرێت."

بەرپرسی پێوەندییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو لیوایانەی لە سنووری کەرکوک کە کشابوونەوە و کێشەیان تێ کەوتبوو، باسی لەوە کرد: "لە لیژنەی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە و بۆردی چاکسازیش باس لەو پرسە کراوە و کۆمیتەیەکیش دروست کراوە بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارە بکرێت".


لە وەزارەتی پێشمەرگە بە ھاوکاریی وڵاتانی ھاوپەیمان پڕۆژەیەکی ٣٥ خاڵی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی وەزارەت و ھێزەکانی پێشمەرگە ئامادە کرا و ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکایەتیی ھەرێم کرا و پەسەندیان کرد و جارێکی دیکە ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگە کرا بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت و ئێستا دەست بە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە کراوە و ماوەی سێ ساڵ دانراوە بۆ ئەوەی پڕۆژەکە بەتەواوەتی جێبەجێ بکرێت.
kdp-
Top