قەڵادزێ.. مامۆستایانی قوتابخانەیەکی ئامادەیی ماوەی مانگێکە دەوامیان بایکۆت کردووە

 قەڵادزێ.. مامۆستایانی قوتابخانەیەکی ئامادەیی ماوەی مانگێکە دەوامیان بایکۆت کردووە
قوتابخانەی ئامادەیی نەورۆز لە قەڵادزێ، کە 17 پۆلییە و تا قۆناغی 12ی ھەیە و ماوەی مانگێکە مامۆستاکانی قوتابخانەکە بایکۆتی دەوامیان کردووە، بەھۆی ئەوەی جێگری بەڕێوەبەریان لە قوتابخانەیەکی دیکەوە ھێناوە.

مەحموود حوسێن، بەڕێوەبەری پەروەردەی قەڵادزێ بە وەکالەت، رایگەیاند: "ھەڵبژاردنی جێگری بەڕێوەبەر بەپێی یاسای سیستەمی پەروەردە، پێویستە یەکێک لەمامۆستاکانی ھەمان قوتابخانە بێت، بەڵام ئەم بڕیارە بەر لە 2/10/2017 بووە، کەمن لەم رۆژەدا دەست بەکاربووم و تەنیا فەرمانی بریارەکەم جێ بەجێ کردووە".

بەڕێوەبەری پەروەردەی قەڵادزێ بە وەکالەت، ئەوەشی خستە روو، کە ئەم مامۆستایەش لە میلاکی قوتابخانەکە زیاد بووە و بەھۆی نەبوونی یاریدەدەرەوە دانراوە.

گوتیشی: "بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە فەرمانی بوون بە یاریدەدەری ئەم مامۆستایە ھەڵدەوەشێنینەوە و دەیکەینەوە مامۆستا لەھەمان قوتابخانە، داواش لە مامۆستایانی قوتابخانەکە دەکەین بگەڕێنەوە پۆلەکانی خوێندن و بەوەرگرتنی وانەی ئیزافی قەرەبووی خوێندنی ئەم مانگە بکەنەوە، لە سیستەمی پەروەردەشدا رێگا پێدراوە کە تاقیکردنەوەکانی ھەرخوێندنگەیەک دوابخرێن کە توشی کێشە بووە".









باسنیوز
Top