بەرپرسێکی یەکگرتوو: عەبادی پەرتەوازەیی ناوماڵی کوردی قۆستووەتەوە
مەلا عوزێر حافز، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی، ڕایگەیاند: "بەشێکی زۆری بڕیارەکانی عەبادی بەرامبەر بە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان، پێچەوانەی دەستووری عێراقە و بەشێکی دیکەشی ستەمە، چونکە ماوەی مانگێک زیاترە عەبادی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستانی ڕووبەڕووی گەمارۆی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی کردووەتەوە، بێگومان ئەمەش دەچێتە چوارچێوەی ستەمێکی گەورەوە".
ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەوەشی خستە روو، کە عەبادی و ھاوشێوەکانی چاوەڕێی ئەوە بوون کورد لەناو خۆیدا یەک ھەڵوێست بێت، بەڵام کاتێک زانیان کورد پەرتەوازەیە و ناتوانێێ بڕیاری خۆی بدات، ئێستا ئەم جورئەتەیان داوە بەخۆیان کە گەمارۆیەکی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییان بۆ سەر گەلی کورد درووست کردووە، بۆیە ئێستا عەبادی پێچەوانەی دەستووری عێراق ئەسپی خۆی بەرامبەر ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان تاو دەدات.
ئاشکراشی کرد: "ئەگەر ئێمە ناوماڵی خۆمان ڕێک بخەینەوە و یەکڕیزی ناوماڵی کورد بپارێزین، عەبادی ناتوانێت بەم شێوەیەی ئێستا تاسەر ئەسپی خۆی دژ بە خەڵکی کوردستان تاو بدات، بۆیە پێویستە پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، ھەوڵی جیدی بدەن کێشەکانی خۆیان چارەسەر بکەن، بۆ ئەوەی ھەمووان بتوانین ڕێگە چارەیەکی گونجاو بۆ کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا بدۆزینەوە".
مەلا عوزێر، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، گوتیشی: "ھیچ دادگایەک ناتوانێ ئازادی گەلانی عێراق و ھەرێمی کوردستان زەوت بکات، بێگومان پڕۆسەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان، مافێکی دەستووری، یاسایی و ئاسمانیی ھەموو گەل و نەتەوەیەکی جاوازە، ئێمەش وەکو میللەتی کورد مافی خۆمانە ئاڵای خۆمان و وڵاتێکی سەربەخۆمان ھەبێت، بۆیە پڕۆسەی ڕیفراندۆم لەگەڵ رۆحی دەستووری عێراقدا گونجاوە و ھیچ کەسێک ناتوانێ ھەڵی بوەشێنێتەوە".
باسنیوز
