کاردانەوە عێراقی و جیهانییەکانی سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ فەرەنسا

 کاردانەوە عێراقی و جیهانییەکانی سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ فەرەنسا
سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری و کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، کاردانەوەی عێراقی و جیھانی لێکەوتەوە.



کاردانەوە عێراقییەکان:



نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا رایگەیاند، عەبادی و ماکرۆن پەیوەندییەکەی تەلەفۆنییان ئەنجام داوە.



بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، سەرۆکی فەرەنسا جەختی لە ھەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە یەکپارچەیی و سەقامگیریی عێراق و ھەروەھا دابینکردنی مافەکانی سەرجەم پێکھاتەکانی عێراق کردووەتەوە.



سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لەمیانی دیدارێکدا لەگەڵ کۆمەڵێک لە میدیاکاران و ڕۆشنبیران لە بنکەی عێراقی بۆ پەرەپێدانی میدیایی، ڕایگەیاندووە، بۆ قۆناغی داھاتوو، دەبێت سەقامگیریی سیاسی و کۆمەلایەتی و ئەمنی، ببێتە ئامانجی سەرەکی ھەموو دەزگاکانی دەوڵەت و جەختی لەوە کردەوە، کە نابێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا، دەست لە گفتوگۆکردن ھەڵبگیرێت، کە تەنیا ڕێگایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.



نوری مالیکی، جێگری سەرۆک کۆماری عێراق رەخنەی لە سەرۆکی فەرەنسا گرت، بەوەی دەست لە کاروباری عێراق وەردەدات، بەوەی داوای ھەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی دەکات.



کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان:



زاڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە عێراق دوای ئەو سەردانەی شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ فەرەنسا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) نووسیویەتی، فەرەنسا لە دەربڕینی پاڵپشتی بۆ کوردستانێکی بەھێز، پێشەنگی کرد، ئەوەش لە رێگای بانگھێشتکردنی سەرۆکوەزیران هەرێمی کوردستان بۆ ئێلیزێ لەلایەن سەرۆک ماکرۆنەوە. ئەمە ھەنگاوێکی گرنگە و دەتوانێت کارئاسانی بۆ دانوستاندنی بەغدا و ھەولێر بکات.



بێرنارد ھێنری لێڤی، فەیلەسوفی ناوداری فەرەنسی و دۆستی کورد لە توێتێکدا نووسیویەتی، سەرۆک ماکرۆن لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کۆبووەوە. کارێکی باش و رۆژێکی باش بوو بۆ سەرۆک ماکرۆن.




باسنیوز
Top