"سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ فەڕەنسا گرینگە.. بەغدا ئیرادەی چارەكردنی كێشەكانی نییە"
دوێنێ سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، بە سەردانێك گەییشتە وڵاتی فەڕەنسا و، بڕیارە ئەمڕۆیش لەگەڵ سەرۆكی فەڕەنسا كۆ ببێتەوە و كۆمەڵێك پرسی لەگەڵدا تاوتوو بكات، لەو بارەیەوە چاودێری سیاسی و مامۆستای زانكۆ (د. عەبدولحەكیم خەسرۆ)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم، بە ھۆی بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیانەوە، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ھەڵوێستێكی ئەرێنییان بەرانبەر ھەرێمی كوردستان نەبوو، چونكە ئەوان بەرژەوەندیخوازن و دەیانەوێ بەرژەوەندییەكانیان لەگەڵ بەغدا بەردەوام بن، ئێستایش حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە ھەوڵدایە لەگەڵ وڵاتان بۆ ئەوەی بزانرێت چ رایەكیان لەبارەی كێشەكانی نێوان ھەرێم و بەغداوە ھەیە، بە تایبەت دوای ئەوەی ھەرێم باسی لەوە كرد كە، ئامادەیە لە چوارچێوەی دەستووردا گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بكات، كۆمەڵگای نێودەوڵەتییش جەختی كردووەتەوە كە مافی گەلی كورد لە دەستووردا ھەیە و تا ئێستا وەریان نەگرتووە، ئەمەیش تەنھا قسەیە و ھیچ ھەنگاوێكی كردارییان نەناوە بۆ چارەكردنی كێشەكان تا ببنە پردێك لە نێوان ھەرێم و بەغدادا، بۆیە ھەرێم پێویستی بە ستراتیژییەتێكە كە رەچاوی بەرژەوەندییەكانی ئەو وڵاتانە بكات لە عێراقدا، بەڵام بۆ ئەوەی رۆڵی خۆیان ببینن پێویستە گوشار لەسەر عێراق دروست بكەن، لەبەر ئەوەی عێراقیش پێویستی بەو وڵاتانە ھەیە لە ھەمووو ڕوویەكەوە".
(د. عەبدولحەكیم خەسرۆ) گوتیشی، "وڵاتێكی وەكوو فەڕەنسا دەتوانێت گوشار لەسەر حكوومەتی عێراق دروست بكات كە كێشە ناوخۆییەكانی خۆی چارە بكات، چونكە ئەگەر ئەو كارە بكەن، بەغدایش ناچار دەبێت ئامادەی چارەكردنی كێشەكان بێت".
لەبارەی مەبەستی سەردانی سەرۆكی حكوومەت، ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژەی دا، "سەرۆكی حكوومەتی هەرێم سەردانی فەڕەنسای كردووە بۆ ئەوەی یەكەم جار پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا پتەوتر بكات و بزانین ھەڵوێستی فەڕەنسا لەبارەی كێشەكانی نێوان ھەرێم و بەغداوە چی دەبێت، چونكە رۆڵی ئەوان گرینگە تا بزانین بە چ شێوەیەك گوشار لەسەر حكوومەتی عێراق دەكەن بۆ چارەكردنی كێشەكان، بۆیە سەرۆكی حكوومەتی ھەرێم پێویستی بەو جۆرە سەردانانە ھەیە بۆ ئەوەی لێكتێگەییشتن ھەبێت، چونكە پێویستە رای نوێی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بزانرێت".
(خەسرۆ) باسی لەوەیش كرد، "پێویستە ئەو وڵاتانە بزانن كە لە بەغدا ئیرادەیەك بۆ چارەكردنی كێشەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا نییە و، تەنھا خۆسەپاندنە و ملكەچكردنی سوننە و كوردە بۆ ژێر ھەژموونی شیعەكان، ئەمەیش لای كورد قبووڵكراو نییە، بۆیە ئەگەر كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەو جۆرە بەردەوام بن لە پشتگیریكردنی عێراق، ھەڵەیەكی گەورەیە، چونكە ئەم جۆرە خۆسەپاندنە دەبێتە ھۆی شەڕێكی نەخوازراو و نەمانی سەقامگیری و دەبێتە ھۆی ئەوەیش كە رێژەی ئاوارەكان زیاتر بێت وەك چۆن لە كەركووك و خورماتوو زیاتر لە ١٥٠ھەزار كەس ئاوارە بوون، بۆیە پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەوە تێبگات بەو جۆرە سەقامگیری لە عێراق دروست نابێت و، چیتریش كورد ناتوانێ بە خۆسەپاندنی عێراق بەسەر ھەرێمدا بژیت، بۆیە پێویستە پێداچوونەوە بە بیركردنەوەی خۆیاندا بكەن".
kdp-
