حەشدی شەعبی ئاسایشی یەکێتی ئاگادار کردووەتەوە کە چەند ناوچەیەک چۆڵ بکەن

 حەشدی شەعبی ئاسایشی یەکێتی ئاگادار کردووەتەوە کە چەند ناوچەیەک چۆڵ بکەن
بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات کە حەشدی شەعبی دەیەوێت بە کەڵەگای بازگە لە شێخ باوەدا دابنێت و بە ئاسایشی یەکێتیشیان گوتووە کە ناوچەکە چۆڵ بکەن.

شێخ جەعفەر مستەفا، بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: "میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ھاتوونەتە شێخ باوە و بە ئاسایشی یەکێتییان گوتووە کە دەبێ ناوچەکە چۆڵ بکەن و بڕۆنە کەلار و ئێمە لێرە دەمێنێینەوە، دەیانەوێت بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئاسایشی یەکێتی لە ناوچەکەدا بمێننەوە".

بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی، ئەوەشی خستە روو، کە حەشدی شەعبی دەیەوێت بە کەڵەگای لە ناوچەکەدا بازگە دابنێت و کۆنترۆڵی ڕێگاکانی جەلەولا - کەلار و ھێڵی قەرەتەپە - جەبارە بکات، بەوەش ئەو ناوچانەی کە پێش ساڵی ٢٠٠٣ لێی بوون کۆنترۆڵی بکەن، گوتیشی: "پێم وانییە کە ئاسایشی یەکێـتی و میلیشیای حەشدی شەعبی رووبەڕووی یەک ببنەوە، بەڵکو لەوانەیە بەزۆر میلیشیای حەشدی شەعبی ناوچەکە بە ئاسایشی یەکێتی چۆڵ بکات".

ئاشکراشی کرد، کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ٢/١٢/٢٠١٧ ھێزێکی دیکەی عێراقی چوونەتە سەر گوندی نەدا، کە سەربە شارەدێی مەندەلییە و سێ کەسیان کوشتووە.

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەری نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.










باسنيوز
Top