سەرۆکی فەرەنسا: ھەوڵی دۆزینەوەی میکانیزمێکین بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکانی نێوان ھەولێر و بەغدا
ئەمڕۆ شەممە 2/12/2017 لە پرێس کۆنفراسێکدا، لە نێوان ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، سەرۆکی فەڕەنسا، رای گەیاند، وەستاندنی شەڕ لە کۆتایی مانگی ١٠ی ڕابردوو دەستکەوتێکی گەورە بوو.
لەو پرێس کۆنفرانسەدا، ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، سەرەتا رای گەیاند، کە زۆر سوپاسی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان دەکات کە سەردانی پاریسی کردووە لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیران، دووبارە پشتگیریی برایەتی و دۆستایەتیی فەڕەنسا بۆ گەلی کوردستان دەربڕی، جەختی لەوە کردەوە کە فەرەنسا ھەمیشە دۆستێکی گەلی کورد بووە.
سەرۆکی فەڕەنسا، ئەوەشی خستە روو، کە زۆر سوپاسی گەلی کوردستان دەکات، کە رۆڵێکی زۆر کاریگەریان لە شەڕی دژی تیرۆر ھەبووە، ھاوکات پێشمەرگە شان بە شانی سوپای عێراقی فیدراڵ توانییان دەستکەوتی گەورە بەدەست بھێنن، گوتیشی: "دووبارە شانازی بەوانە دەکەین و سوپاسی گەلی کورد و حکوومەتیش دەکەین بۆ پێشوازی لەو ھەموو ئاوارانە لە ناوچەکەدا".
راشی گەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا، باسی ھەموو دەرئەنجامەکانی ڕیفراندۆمەکەی ٢٥ی ئەیلوولی ڕابردوویان کردووە و ھاوکات ئەوەشی روون کردەوە، کەلەگەڵ حەیدەر عەبادیش باسمان کرد.
گوتیشی: "جارێکی دیکە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی دووپاتم لە ڕێزگرتنی تەواوی مافەکانی ھەرێمی کوردستان و گەلی کورد لە چوارچێوەی عێراق کردەوە، ھاوکات فەڕەنسا گرنگی بە دوو شت دەدات، یەکەم فەڕەنسا پشتگیری لە عێراقێکی یەکگرتوو و بەھێز لە چوارچێوەی دەستوور دەکات، لەبارەی دەستووری عێراقیش دەبێ مافەکانی ھەموو گەلی عێراق پارێزراو بێت، بۆیە وەستاندنی شەڕ لە کۆتایی مانگی ١٠ی ڕابردوو دەستکەوتێکی گەورە بوو، دەبێ بۆ بەدیھێنانی دیالۆگێکی نیشتمانی بەردەوام بین".
ماکرۆن، ئەوەشی روون کردەوە، کە رێزیان بۆ حکووومەتی ھەرێمی کوردستان ھەیە، پشتیوانی لە دیالۆگێکی نیشتمانی دەکەن، کە لە عێراقدا دەبێ بە ھەموو شێوەیەک دەست پێ بکات، پێشی وایە کە دەبێت دوو ئامانج لەخۆوە بگرێ و لە چوارچێوەی چوار خاڵی گرنگ دەست پێ بکات، وەک ڕێزگرتنی تەواو لە دەستووری عێراق بە ھەموو ماددەکانیەوە، ھەروەھا دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵ لە سەرجەم خاڵە سنوورییەکان بچەسپێت".
ھەر لەو پرێس کۆنفرانسەدا، سەرۆکی فەرنسا گوتیشی: "وەک عەبادی کە سەردانی پاریسی کرد و ڕامانگەیاند دەبێ ھەموو میلیشیاکانی حکوومەتی عێراق لە دوای دیالۆگەکە ھەڵبوەشێنەوە و بە حەشدی شەعبیشەوە نابێ ھیچ میلیشیایەک بمێنێت، دەبێ ھەموو داھاتەکانی عێراق بە یەکسانی بەسەر ھەموو گەلانی عێراقدا دابەش بکرێت کە ئەمە دەبێتە ھۆی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق، ھەروەھا ھەروەھا دەبێ ماددەی ١٤٠ بۆ ناوچەکانی سنووری ماددەکە جێبەجێ بکرێت.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە فەڕەنسا ئامادەیە ھاوکار بێت بۆ دیالۆگێکی نیشتمانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە تەواوەتی لە عێراقدا، ھاوکات فەرەنسا ھەوڵی ئەوە دەدات کە مافی ھەموو عێراقییەکان لەم وڵاتەدا بچەسپێت و ئاشتی و مافەکانی تەواوی نەتەوەکانی عێراق بچەسپێت، بۆیە دەبێ مافەکانی کوردیش پارێزراو بێت و ھاتنی ئەو شاندە گرنگەی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بۆ جەختکردنەوەیە لەوە، گوتیشی: "ھەروەھا کوردستانێکی بەھێز و یەکدەنگ لە عێراقێکی بەھێزدا دەبێتە ھۆی سەقامگیری لە ناوچەکەدا، ئەمەش سیاسەتی فەڕەنسایە و بە پێویستمان زانی پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان و جێگرەکەی بکەین، ھەر بۆیە فەڕەنسا ھەموو ھەوڵێک دەدا بۆ دەستپێکردن و بەدیھێنانی ئەنجامەکانی دیالۆگێکی نیشتمانی و لە مانگەکانی داھاتوودا ھەوڵەکان بە تەواوی دەست پێدەکات".
باسنيوز
