ڕاوێژکارێکی یاسایی: عەلی باپیر بە کوشتن تۆمەتبارە و بەڵگەش هەیە
ئەحمەد ئیسماعیل حەمە، راوێژکاری یاسایی و لێکۆڵەر لە دۆسیەی تاوانی کەسی،ڕاگەیاند: ”بەڵگەی ڤیدیۆیی لەبەردەستدا هەیە کە کاتی خۆی عەلی باپیر لە کەناڵی (NRT) باسی ئەوە دەکات، خۆی فەرمانی کوشتنی براکەی کردووە، ھەر ئەو کات کۆمەڵێک پارێزەر گوتمان کە دەبێت داواکاری گشتی بێتە سەر هێڵ و سکاڵا تۆمار بکات، بەڵام بەداخەوە ئەو کاتە نەکرا“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە فەرمانی کوشتن یان لە سێدارەدان، بەبێ فەرمانی دادوەر و دانیشتنی دادگا، ”دەبێتە یاسای جەنگەڵ“ و بەھەر شێوەیەک بێت، ”دەبێ داواکاری گشتی سکاڵای یاسایی لەدژ بجووڵێنێت".
جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوەی عەلی باپیر کردوویەتی، ”کوشتنی ئاشکرا بووە، واتە خۆی لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆن باسی کردووە، بۆیە پێویستە داواکاری گشتی ئەو کەیسە بجووڵێنێت و عەلی باپیر ببرێتە بەردەم دادوەر، تاوەکوو ڕێگە لە دیاردەی تاوانکردن بگیرێت“.
ئەو ڕاوێژکارە یاساییە ئاشکرای کرد کە ئەگەر لێکۆڵینەوە لەو کەیسەدا بکرێت، عەلی باپیر بە تاوانی کوشتنی براکەی خۆی سزا دەدرێت، لە کاتێکدا بەبێ هیچ لێکۆڵینەوەیەک، لە ڕابردوودا بەشداریی هەڵبژاردنەکانی کردووە و لە پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی عێراقیش بووەتە پەرلەمانتار.
باسنيوز
