بەرپرسی ناوچەی مەندەلیی پارتی لە هەوڵێکی تیرۆرکردن ڕزگاری بوو

 بەرپرسی ناوچەی مەندەلیی پارتی لە هەوڵێکی تیرۆرکردن ڕزگاری بوو
بەرپرسی ناوچەی مەندەلیی پارتی دیموکراتی کوردستان کە هاوکات سەرۆکی شارەوانیی شارەدێیەکەیە، لە هەوڵێکی تیرۆرکردن لە ڕێگەی بۆمبی چێنراوەوە ڕزگاری بوو.



ئازاد حەمید، سەرۆکی ئەنجومەنی شارەوانیی شارەدێی مەندەلی و بەرپرسی ناوچەی مەندەلیی پارتی، بە ڕاگەیاند: "ماوەی چەند ڕۆژێکە کردەوە تیرۆریستییەکان لە سنووری شارەدێی مەندەلی زیادیان کردووە“.



ئەوەشی روون کردەوە کە کاتژمێر 9:20 خولەکی شەوی ڕابردوو 1/12/2017، بۆمبێکی چێنراو بە ئۆتۆمبێلەکەمدا تەقییەوە، بەڵام ھیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە، تەنھا زیانێکی زۆر بەر ئۆتۆمبێلەکەم کەوتووە".



ئەوەشی نەشاردەوە کە لەو کاتەوەی دۆسیەی ئەمنیی مەندەلی کەوتووەتە دەست میلیشیا شیعەکان، دۆخی ئاسایشی شارەدێیەکە خراپ بووە و بەردەوام ھاووڵاتییانی کورد دەڕفێندرێن و ئەشکەنجە دەدرێن.



شارەدێی مەندەلی لە 90 کیلۆمەتریی باکووری خۆرھەڵاتی دیالە ھەڵکەتووە و یەکێکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، پێش ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆم، سەرجەم دامودەزگاکانی لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوە کۆنترۆڵ کرا و بەڕێوەبەری شارەدێیەکە کە کوردە، لە کارەکەی دوور خرایەوە و ڕێگە نەدرا ڕیفراندۆم لەو شارەدێیەدا ئەنجام بدرێت.




باسنیوز
Top