جموجۆڵی پەکەکە لە سنووری سلێمانی زیاد دەکات

 جموجۆڵی پەکەکە لە سنووری سلێمانی زیاد دەکات
بەرپرسێکی پارتی ئاماژە بەوە دەکات، لە سنووری پارێزگای سلێمانی، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستی بە جموجۆڵ کردووەتەوە و لە چەند شوێنێکیش هەڕەشەیان لە چەند لایەنێکی سیاسی کردووە.

فاروق عەبدولکەریم، بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی لقی 12ی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، ڕاگەیاند: “لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، لە تەوێڵە و مۆردین و گریانە، (پەکەکە) بوونیان هەیە و هەندێکجار بە ئاشکرا و هەندێک جاریش بە شاراوەیی دەردەکەون و جگە لەوەی بە چەکیشەوە دەبینرێن”.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە لە ناوچەکانی سازان و چنار، لە سنووری هەڵەبجە، هێزەکانی (پەکەکە) بوونیان هەیە و لە ناوچەی (گریانە) بازگەی گومرگیان داناوە و باج و سەرانە لە خەڵکی وەردەگرن.

فاروق عەبدولکەریم جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەو جموجۆڵانەی پەکەکە، بە فەرمانی سەرکردایەتیی خۆیانە و دەیانەوێت سلێمانی وەک کانتۆن بناسێنن. گوتیشی: “هەندێک لە حزبەکانی کوردستانی باشوور بە دۆست و نزیک لە خۆیان هەژمار دەکەن، دەیانەوێت شەقام لە دژی پارتی بجووڵێنن”.

بەرپرسەکەی پارتی ئەوەی دووپات کردەوە کە لە سنووری هەڵەبجەدا پەکەکە دەستی بە “جموجۆڵێکی نامۆ” کردووە و بە شێوەی جۆراوجۆر “هەڕەشەش لە چەند حزبێک دەکەن”.
Top