ئەدهەم بارزانی: هەندێک لایەن دەیانویست بە ناوی خۆپێشاندانەوە ئاژاوە بنێنەوە
دوێنێ شەممە 14\1\2017، مامۆستایانی ناڕازی، خۆپێشاندانێکیان بۆ بەردەم ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سلێمانی - هەڵەبجەی پارتی ڕێک خست، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە، ڕێگە بە خۆپێشاندەران نەدرا، بگەنە بەردەم بارەگاکە. لەمبارەیەوە شێخ ئەدهەم بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سلێمانی - هەڵەبجەی پارتی دیموکراتیی کوردستان، بە کەناڵی (کوردستان 24)ی ڕاگەیاند: ”بەپێی زانیارییەکانمان، لەلایەن لایەنێکی سیاسییەوە ئامادەکاری بۆ ئەوە کرابوو، لە بەیانەکەی خۆشماندا ڕامانگەیاندبوو کە ئەوەی لە سلێمانی دەکرێت وەکوو خۆپێشاندان مامەڵەی لەگەڵدا ناکەین، چونکە خۆپێشاندان نییە“.
ڕوونیشی کردەوە: ”مەبەست لە خۆپێشاندان ئەوەیە کە بابەتەکانی خەڵکانێک بگاتە دەسەڵات، لە ڕێگەی ئەنجومەنی ئێمەوە داواکارییەکانی ئەو خۆپێشاندەرانە پێشتر گەیەندراوەتە دەسەڵات، ئیتر دووبارە هاتنەوە بەردەم ئەنجومەنەکە چ مانایەکی هەیە؟“.
ئەدهەم بارزانی دووپاتی کردەوە کە هەندێک لایەن هەوڵیانداوە ئاژاوە دروست بکەن. بۆیە سوپاسی هێزەکانی ئاسایشی کرد کە دوایین خاڵی خۆپێشاندانەکەیان بە دوورییەکی تەواو لە بارەگاکە دیاری کردووە.
باسنیوز
