ڕووسیا به داوایه‌كی توركیا ڕازیی بووه؛ په‌یه‌ده له كۆنگره‌ی ئاستانادا به‌شدار نابێ
(جه‌دعان عه‌لی) نوێنه‌ری ئه‌نجوومه‌نی نیشتیمانیی كورد(ئه‌نه‌كه‌سه) له هه‌رێمی كوردستان، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند "كۆنگره‌ی ئاستانا له‌نێوان هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌كانی سووریا ته‌نها ئه‌و هێزانه ده‌گرێته‌وه كه چه‌كداریان له‌نێو سووریادا هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی درێژه به ئاگربه‌ست بده‌ن و، هیچ نه‌بێت هه‌ندێك بتوانن ئاگری شه‌ڕی نێوخۆی سووریا دامڕكێننه‌وه و كۆتایی به شه‌ڕ و ئاڵۆزییه‌كانی سووریا بێت، پێمان وایه هه‌نگاوێكی باش ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌كاری بۆ كۆنگره‌ی جنێف چوار بكرێت، هێزه‌كان زیاتر نزیكی یه‌كتر ده‌بنه‌وه.''
نوێنه‌ری ئه‌نه‌كه‌سه گوتیشی "رووسیا به داوایه‌كی توركیا رازیی بووه بۆ ئه‌وه‌ی رێگه نه‌درێت په‌یه‌ده به‌شداری له كۆنگره‌ی ئاستانادا بكات و په‌یه‌ده له ئێستا دوور خراوه‌ته‌وه. هه‌ڵبه‌ته لیژنه‌ی باڵای سه‌رپه‌رشتیی كۆنگره‌ش تا ئێستا به رفه‌رمیی ناوی ئه‌و هێزانه‌ی ئاشكرا نه‌كردووه كه به‌شداری له كۆنگره‌ی ئاستانادا ده‌كه‌ن، به‌ڵام هێزه‌كان دیارن كێن به‌شداری ده‌كه‌ن، چه‌ند رۆژی داهاتوویش هه‌مووی به‌دیار ده‌كه‌وێت.''
(جه‌دعان عه‌لی) ئه‌وه‌شی گوت "هه‌بوونی ئه‌و هه‌موو هێزه چه‌كداره له سووریادا، زه‌حمه‌ته كۆنتڕۆڵ بكرێن ئه‌گه‌ر له كۆنگره‌یه‌كی وه‌هادا به‌رنامه و بڕیاریان لێ وه‌رنه‌گیرێت، ئه‌گه‌رنا چاره‌سه‌ری دیكه‌ی نییه، هه‌رله‌به‌ر ئه‌وه‌ش پێمان باشه كۆنگره و كۆبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وام هه‌بێت بۆ ئه‌و هێزه سیاسییانه‌ی چه‌كداریشیان هه‌یه.''
kdp-
