بۆ یەکەمجار لە کوردستان ئەکادیمیای ھاوسەرگیری دەکرێتەوە

بۆ یەکەمجار لە کوردستان ئەکادیمیای ھاوسەرگیری دەکرێتەوە


دەستەی کارگێڕی سەنتەری ڕاوێژکاری خێزان، بڕیاری کردنەوەی بەشێکی نوێی بەناوی (ئاکادیمیای ھاوسەرگیری) دا، ئەم ئاکادیمیای جگە لە پێشکەشکردنی ڕاوێژی خێزانی و چارەسەرکردنی کێشە خێزانییەکان، خولی ھۆشیاری بۆ ئەو کچ و کوڕانەی کە دەخوازن بچنە ژیانی ھاوسەرگیرییەوە، دەکاتەوە.



سامان سیوەیلی، بەڕێوەبەری سەنتەری ڕاوێژکاری خێزان، بە (باسنیوز)ی ڕایگەیاند: "سەنتەرەکەمان لە ساڵی 2008وە دامەزارەوە و ناحکوومییە، پێشتر کارمان لەسەر چارەسەری کێشەی خێزانی کردبوو، بەڵام لەمڕۆوە بڕیار کردنەوەی بەشێکی نوێ، بەناوی ئەکادیمیای ھاوسەرگیری دا، لەبەرئەوەی ھەستمان کرد، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کێشەی خێزانی، ناپاکی ھاوسەری لە ھەڵکشاندایە، ئەم کێشە خێزانی کۆمەڵایەتییانەش کاریگەری خراپی کردوەتە سەر باری دەروونی تاکەکان، لەلایەکی دیکەوەش منداڵانی زۆر دەبنە قوربانی بۆ ئەم حالەتە، بۆیە بەپێویستم ئەو بەشە بکەینەوە".



بەڕێوبەری سەنتەری ڕاوێژکاری خێزانی، لەبارەی ئەرکەکانی ئەو بەشە نوێیەیان، ئەوەی خستەڕوو: "ئەرکی ئەو بەشە نوێیە، پێشکەشکردنی ڕاوێژی خێزانییە بۆ ئەو خێزانانەی گرفتیان بەردەوام، تەنانەت لە ڕووی سێکسییەوە، لە ڕووی ژمارەی دیالۆکەوە، کە زۆرجار دیالۆکیان نییە، یان ئەو ناتوانن خۆیان کێشەکانیان چاک بکەن، بۆ ئەوەی ڕێگری لە ھەڵوەشانەوەی خێزان بکەن، تا بتوانن بەیەکەوە ھەڵبکەن، بۆ ئەوەی کەمترین خێزان ڕووبەڕووی ھەڵوەشانەوە ببێت، تەنانەت بۆ ئەو حالەتانەی کە لایەکیان تووشی ناپاکی ھاوسەری دەبێت، ئێمەش کار لەسەر چارەسەری ئەو کێشانە دەکەین و بۆ ئەوەی ھەڵوەشانەوەی خێزان ڕوو نەدات".


سامان سوەیلی، ئەوەشی بۆ (باسنیوز) ڕوون کردەوە: "لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەو بەشە نوێیە، بۆ ئەو کچ و کوڕانەی بە نیازن بچنە نێو ژیانی ھاوسەرگیرییەوە، کردنەوەی خولی ھۆشیارییە، بەشێوەیەکی بەردەوام، بۆ ئەوەی لە سەرەتاوە بناغەیەکی بەھێزیان ھەبێت".


گوتیشی: "خۆلەکانیشمان لەوە پێکدێ، کە باس لە سایکۆلۆژیای نێر و مێ دەکەین، نەخۆشییە تایبەتییەکانی پیاوان و ئافرەتان، پێناسەی ڕەگەزەکان، زانیاری سێکسی، لە ڕووی خێزانی، کۆمەڵایەتی، ئەرک و مافەکانیان لە ڕووی یاساییەوە و لە ڕووی ئابوورییەوە".
bas news-
Top