به‌لجيكا به نيازه‌ كونسوڵخانه‌ له‌ هه‌ولێر بكاته‌وه‌

به‌لجيكا به نيازه‌ كونسوڵخانه‌ له‌ هه‌ولێر بكاته‌وه‌
نوێنه‌رايه‌تى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌لجيكا رايگه‌ياند، له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و وڵاته‌ پێيان راگه‌يه‌ندراوه‌، به‌لجيكا نوێنه‌رێكى ديپلۆماتى بۆ به‌غدا ديار ده‌كات و ئه‌وه‌ش رێگه‌ خۆشده‌كات بۆ كردنه‌وه‌ى كونسوڵخانه‌ له‌ هه‌ولێر.

دلاوه‌ر خاليد ئاژگه‌يى، نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ برۆكسل رايگه‌ياند، بە یاوەری شاندێكی نوێنەرایەتييه‌كه‌يان سەردانی وەزارەتی دەرەوەی بەلجیكای كردووه‌ و له‌ لايه‌ن هەریەك لە (یۆهان ڤەركامن)، بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا و (لیوك تراونس) بەرپرسی دێسكی عێراق لە وەزارەتی دەرەوە پێشوازییان لێكراوه‌.

له‌ راگه‌يه‌ندراوێكدا، نوێنه‌رايه‌تى حكومه‌تى هه‌رێم روونيكرده‌وه‌ له‌و كۆبوونه‌وه‌يه‌دا، باس لە ئەگەری كردنەوەی كۆنسوڵی فەخری بەلجیكا لە هەرێمی كوردستان كرا و لایەنی بەلجیكا رایگەیاند، ئەوان بە گرنگی دەزانن نوێنەرایەتییان لە هەرێمی كوردستان هەبێ و بۆ ئەو مەبەستەش لە ئێستادا سەرگەرمی دانانی دبلۆماتێكی بەلجیكین كە وەك نوێنەری دبلۆماسی بەلجیكا لە بەغدا دەستبەكار بێ و دواى ئەوەش رێگە خۆش دەبێ بۆ كردنەوەی كۆنسوڵگەری بەلجیكا لە هەولێر.
k24 -
Top