81 بەندکراوی کورد نزیکەی 300 ساڵ بەندکرانیان بۆ بڕاوەتەوە

 81 بەندکراوی کورد نزیکەی 300 ساڵ بەندکرانیان بۆ بڕاوەتەوە
بەپێی ڕاپۆرت و زانیاریی ماڵپەڕێکی تایبەت بە مافی مرۆڤ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە ماوەی ساڵی 2016دا سەرجەم 81 بەندکراوی کورد لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە نزیکەی 300 ساڵ حوکمیان بۆ بڕاوەتەوە.

ماڵپەڕی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاپۆرتێکی ئاماریدا بڵاوی کردووەتەوە "لەماوەی ساڵی رابردوودا دادگاکانی حکوومتی ئێران نزیکەی سێ سەدە زیندانیان بەسەر چالاکانی سیاسی، مەدەنی، کرێکاری و مەزهەبیی کورددا سەپاندووە و 7 چالاکی سیاسی و مەزهەبیش سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە."

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە لەکۆی ئەو حوکمانە 272 ساڵیان حوکمی زیندانی تەعزیزی (دەبێ زیندانەکەی تەواو بکات) و ١٢ ساڵیش حوکمی زیندانی هەڵپەسێردراو (تەعلیقی) بووە.

دەرچوونی حوکمەکان بەپێی پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات:

پارێزگای ورمێ: لەو پارێزگایەدا و لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، دادگاکانی حکوومەتی ئێران سزای 226 ساڵ زیندانیان بەسەر 52 هاووڵاتیدا سەپاندووە و 7 چالاکی مەزهەبی و سیاسیش سزای سێدارەیان بۆ بڕاوەتەوە.

پارێزگای سنە: لەپارێزگای سنە 26 هاووڵاتی سەرجەم بە 32 ساڵ زیندان و 12 ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو حوکم دراون.

پارێزگای کرماشان: دوو هاووڵاتیی کورد لەلایەن دادگاکانی حکوومەتەوە سەرجەم بە 7 ساڵ زیندان مەحکووم کراون.

دەرچوونی سزای 162 مانگ زیندان بۆ ژنان:

دادگاکانی حکوومەتی ئێران لە ماوەی ساڵی 2016 دا بۆ 6 چالاکی ژن سزای 162مانگ زیندانیان کە دەکاتە 13 ساڵ و 6 مانگ دەرکردووە، کە دوو ساڵی زیندانی هەڵپسێردراو بووە.

چالاکانی کرێکاری و مەزهەبی:

لە ساڵی ڕابردوودا چالاکانی کرێکاری و مەزهەبیی کورد لەسەر یەک سزای 5 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێندراوە کە 6 مانگ بۆ چالاکێکی مەزهەبی و 4 ساڵ و نیویش بۆ 6 چالاکی کرێکاری بووە.

هاووڵاتییەکی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانیش سزای 7 سال زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.

دەرچوونی سزای سێدارە:

لە ساڵی 2016دا دادگاکانی ئێران سزای سێدارەیان بەسەر چالاکێکی سیاسی خەڵکی میاندواو و 6 چالاکی مەزهەبی خەڵکی مەهاباددا سەپاندووە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری (هەنگاو) 75% ی ئەو حوکمانەی کە دەرچوون بەسەر چالاکانی سیاسیدا، سەپێندراوە کە 61 حاڵەت بووە، 16%یان بەسەر چالاکانی مەدەنی کە 13 حاڵەت، 8% بەسەر چالاکانی کرێکاری کە 6 حاڵەت و 1% بەسەر چالاکانی مەزهەبیدا بووە کە 1 حاڵەت لەخۆ دەگرێت.






باسنيوز
Top